ناوچەی سوور بووەتە مەیدانی شەڕی پەكەكە و توركیا

باكووری كوردستان-KDP.info- شەڕی باكوور لە نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیادا بەردەوامە و، هەموو رۆژێكیش هاووڵاتیانی سڤیل دەبنە قوربانی. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەیشی بڵاو كراونەتەوە، دوێنێ 2 هاووڵاتیی سڤیل لە ناوچەی سوور لە ئامەد بوونەتە قوربانی.
ناوچەی سوور لە ئامەد بووەتە مەیدانی شەڕی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا، دوێنێ 2 پۆلیسی تورك كوژران و، لە هەمان كاتدا 12ـی دیكەیش بریندار بوون. جگە لە پۆلیسیش 2 هاووڵاتیی سڤیل شەهید بوون.
لە 6 گەڕەكی ناوچەی سوور شەڕ بەردەوامی هەیە و، تاوەكو ئێستایش سەربازانی توركیا نەیانتوانیوە هیچ خەندەقێكی پەكەكە دابخەن، بە پێچەوانەوە تاوەكو ئێستا پەكەكە دەسەڵاتێكی زۆری هەیە لەو ناوچەیەدا.
بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە زۆربەی دانیشتوانی ئەو گەڕەكە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و، لە مزگەوت و نەخۆشخانەكانی ئامەد نیشتەجێ بوونە.
لە جەزیرەیش بە هەمان شێوە شەڕی ئەو دوو لایەنە تا دێت قورستر دەبێتەوە. ئەو خەڵكانەی كە لەناو ئەو شارۆچكەیەدا ماون و شوێنی خۆیان جێ نەهێشتووە، كاتی خۆیان لەناو ژێرزەمینەكاندا بەسەر دەبەن، هەروەها لە رووی ژیانیشەوە حاڵیان پەرێشانە، چونكە كەلوپەلیان بۆ خواردن و خواردنەوە دەست ناكەوێت.
لە شاری وانیش شەڕ لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیا رووی دا و، بە گوێرەی زانیارییەكان پۆلیسێك كوژراوە. هەروەها والی وان (ئیبراهیم تاش یەپان) لەسەر ئەو شەڕە لە نووسینێكدا بڵاوی كردەوە، كە زانیارییان بۆ هاتبوو لەناو ماڵێك لە وان چەند چەكدارێكی پەكەكەی لێیە، بۆیە هێرشیان كردووەتە سەر ئەو ماڵە و، لە ئەنجامدا پۆلیسێك و 12 چەكداری پەكەكەیش كوژراون.
سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو) لە گوتەیەكیدا ئاماژەی دا كە، ئەوان وەكو دەوڵەتی توركیا بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەكانیان تا ئەوكاتەی هەموو خەندەقان دادەخەن و هەموو چەكدارانی پەكەكە لەناو باكوور وەدەر دەنێن. بە گوێرەی گوتەی خۆیشی، ئۆپەراسیۆنەكان زۆر بە سەركەوتوویی ئەنجام دراون و بەرەو كۆتایی دەڕوات.
كارزان گلی




