"دوای سێ پاڵاوتهكه، ههرێم پێویستی به بهنزینی دهرهكی نابێ"

ههولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قۆناغی دووەمی چاکسازیی ڕاگەیاند و یەکێک لە بڕیارەکان دروستکردنی سێ پاڵاوتەیە لە ھەرێمی کوردستاندا؛ ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێ، بە دروستکردنی ئەو سێ پاڵاوتەیە ئیدی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە بەنزینی هاوردە نابێت.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (عەلی ھالۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە 6ملیۆن لیتر بەنزین ھەیە و، بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان 3ملیۆنو400ھەزار لیترە و، ئەوەی دیکە لە دەرەوە دێت و، لە سەرەتای پێکھێنانی حکوومەتەوە ئێمە ئەو داواکارییەمان کرد، بۆیە ئەوە کارێکی زۆر باشە و دەبێتە ھۆی ئەوەی پێداویستی خەڵک لە بەنزین لە ناوخۆ دابین دەکرێت و پێویستی بەدەرەو نابێت."
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی، دروستکردنی ئەوسێ پاڵاوتەیە ھەنگاوێکی باشە ودەبێتە ھۆی ئەوەی بەنزین لە ناوخۆی ھەرێم بەرھەم بێت و لە دەرەوە نەیەت، چونکە زۆر جار تا دەگاتە ھەرێمی کوردستان بە تایبەت لە تورکیا دوادەکەوێت و کێشە بۆ خەڵک دروست دەبێت.
وهك (ھالۆ) زانیاری دا، ئەو سێ پاڵاوتەیە لە ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان؛ ھەولێر و دھۆک و سلێمانیدا دروست دەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




