سۆفی، باس لە قۆناغی دووەمی چاکسازی دەکات

هەولێر-KDP.info- (فرسەت سۆفی) دەربارەی قۆناغی دووەمی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە ئەنجامی بەدواداچوون بۆ گەندەڵی، پارەیەکی زۆر بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان و هاوکارێکی دیکەی کە پێشتر و بە هاوبەشی پڕۆژەیەکی سازییان بە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "قۆناغی دووەمی چاکسازیی حکوومەت، بریتییە لەوەی کە: 2 مووچە ناهێڵدرێت و ئاگاداری دەدرێتە خەڵک، ئەگەر ئەوەی 2 مووچەی هەبێت و لە ماوەی یەک مانگدا خۆی یەکلا نەکاتەوە، ئەوا کۆی ئەو مووچانەی لە ساڵانی ڕابردوودا وەری گرتووە، دەبێت بیگەڕێنێتەوە؛ بە پێچەوانەیشەوە بەپێی یاسا مەمەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
قۆناغی دووەمی چاکسازییش وەک (سۆفی) گوتی، ئەنجامدانی هەڵمەتی گەورەیە بۆ بڕینی کارەبای زیادەڕۆ، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی (کەریم شنگالی)، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکدەهێندرێت.
سێیەم هەنگاوی ئەو قۆناغەیش، بریتییە لەو قەرزەی کە بڕەکەی 721 ملیار دینارە و لە لایەن بازرگان و کۆمپانیاکان، دەبێت ئەو قەرزە لە ماوەی یەک مانگدا بۆ حکوومەت بگەڕێندرێتەوە، بە پێچەوانەوە بارمتەکانیان (ڕەهن) دەفرۆشرێت. چوارەمین بڕگەش بریتییە لەوەی پەلە بکرێ لە پێکهێنانی 3 پاڵاوتەی گەورە لە شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بکرێت."
گوتیشی کە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیای (ماک گڵۆباڵ)ـدا دەکات کە بەهۆیەوە پارەیەکی زۆر بۆ دابینکردنی کارەبا دەچێت.
فایزە حەمید




