بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لە بەرپرسیارەتی دەدزێتەوە

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، باس لە هەوڵێکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات و، بە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتییش وەسفی دەکات، چونكە وەک ئەو دەڵێ، ئەوان ناتوانن هیچ بۆ خەڵكی ناوچەكە بكەن.
بزووتنەوەی گۆڕان، لە پارێزگای هەڵەبجە باس لەوە دەكات كە ئامادە نین ناوی ئەندامانیان بۆ ئەنجوومەن بە مەبەستی پەسەندكردن و پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا، ڕەوانەی حكوومەت بكەن، لەبەر ئەوەی ئەوان لە حكوومەتدا بەشدار نین، بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە دەڵێت، ئەمە بۆ چەواشەكردنی خەڵك و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتی، چونكە ناتوانن هیچ بۆ خەڵكی ناوچەكە بكەن.
(فازڵ بەشارەتی)، بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمە جاری یەكەمیان نییە گۆڕان ئەو قسەیە دەكەن، ئایە ئەوان بە كام شت لەو وڵاتە رازین، بۆیە ئەگەر هەموو حكوومەت هیی ئەوان بێت، بڕوا ناكەم كارێك بكەن جێگەی رەزامەندیی خەڵكی كوردستان بێت".
(بەشارەتی) گوتیشی: "ئەوانە زیاتر كار لەسەر ئەوە دەكەن كە كامە قسە خەڵكی پێ چەواشە دەكەن و هیچ پەیوەندییان بە كردەوەوە نییە".
دەشڵێت، ماوەی دوو مانگە كێشەی پەرلەمانی كوردستان دروست بووە، بەڵام ماوەیەكی گەلێك زۆرە گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی ئیدارەی خۆجێیی هەڵەبجە دەكرێت، بۆیە ئەوەی ئەوان باسی دەكەن، دوورە لە راستییەوە و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارەتی، چونكە دەزانن هیچیان پێ ناكرێت لەئاست داخوازیی هاووڵاتیاندا، بۆیە هەرجارەو بیانوویەك دەدۆزنەوە.
بەرپرسی لقی ١٢ـی پارتی زیاتر گوتی: "تاوەكو ئێستا لەبارەی داواكارییەكانی ئێمەوە هیچی نوێ نییە و، ئامادە نین داواكارییەكانی ئێمە جێبەجێ بكەن، بۆیە ئێمەیش پێمان راگەیاندوون، تاوەكو داواكاریی ئێمە جێبەجێ نەكرێت، بەشداری لە حكوومەتی خۆجێیی هەڵەبجەدا ناكەین و سوورین لەسەر هەڵوێستی خۆمان، چونكە پۆستێك وەرناگرین كە نەتوانین لەو رێگەیەوە خزمەتی خەڵكی هەڵەبجەی پێ بكەین".
بڵند ئیبراهیم




