٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیرییشمان نەكات، دژمان ناوەستێ"

سەرچاوە: KDP.info
(ئومێد خۆشناو) سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان

هەولێر-KDP.info- ‌سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان رایدەگەیێنێت: "پرسی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی كوردستان، لە ئێستادا كە شتێك نەماوە بە ناوی عێراقی یەكگرتووەوە، گرینگیی خۆی هەیە و، لە كاتی راگەیاندنی سەربەخۆییشدا وڵاتانی جیهان و ناوچەكە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەگەر پشتگیرییشمان نەكەن، دژمان ناوەستنەوە".

(ئومێد خۆشناو)، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پرسی ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خەڵكی كوردستان لە ئێستادا‌ كە شتێك نەماوە بە ناوی عێراقی یەكگرتووەوە و لە رووی واقیعەوە هەڵوەشاوەتەوە، گرینگیی خۆی هەیە، بۆ نموونە ئەو ناوچە كوردستانیانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێشتر بە ناوچەی ماددەی 140 ناوزەد دەكران، بەڵام كاتێك تیرۆریستانی داعش پەلاماریان دان و داگیریان كردن، حكوومەتی عێراق نەیتوانی خاوەندارێتیی ناوچەكە بكات و ئاوارەكان لە باوەش بگرێت و لە ئازادكردنەوەیان بەشدار بێت، تەنیا خاوەنی ئەو ناوچانەیش هەرێمی كوردستانە، بۆیە پرسی ڕیفراندۆم جگە لەوەی كە پرسێكە ئەمڕۆ لە گەرمەی پرسەكانە، (سەرۆك بارزانی)ـیش لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان و كۆنسووڵی وڵاتان جەختی لەسەر ئەو بابەتە كردەوە و چەندین جاری دیكەیش هەڵوەستەی لەسەر ئەو پرسە كردووە"‌‌‌.

(خۆشناو) گوتیشی: "هەموو ئەو ڕووداوانەی لە ناوچەكەدا ڕوو دەدەن، بۆ رێگریكردنە لە پرسی سەربەخۆیی كوردستان تا گرفت و لەمپەری بۆ دروست بكرێت، بەڵام ئیرادەی خەڵكی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی (سەرۆك بارزانی) و هەروەها پێشەوایەتیكردنی ئەم كاروانە لەلایەن جەنابی سەرۆكەوە، وا دەكەن هیچ هێزێك لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقیش نەتوانێت رێگری بكات".

پێوەست بە پشتگیریی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش، (خۆشناو) گوتی: "دەبێت گشت هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان وەلاوە بنێین و بە ئاراستەی  بەرەو دەوڵەتبوون وسەربەخۆبوون بچین، چونكە دەرفەتێكی گەورەی مێژووییە لە پێش ئەزموونی كوردستان كە لە ماوەی سەدساڵی ڕابردووی خەڵكی كوردستاندا، بەرگریی لە مانەوەی خۆی كردووە، ئەمڕۆیش ئەم هەلە مێژووییەی لە بەردەستدایە و هەر هێزێكیش جورئەت بكات و لە پێش ئەم كاروانە بوەستێتەوە، بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستان قبووڵی ناكەن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت: "پێشوەچوونەكانی كوردستان، یەكێك لە ئەنجامە باشەكانی ئەوەیە كە، ئەوانەی پێشتر ڕەتی بوونی كورد و كوردستانیان دەكردەوە، ئەمڕۆ بە شێوازێك لە شێوازەكان مامەڵە و هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكەن، جارانیش قەزییەی كوردی لە ناوچەكە و جیهان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییشدا دژایەتی دەكرا، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێستا دەبینین ئەگەر پشتگیرییشمان نەكەن، دژایەتیمان ناكەن، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەمڕۆ بەرژەوەندییەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەدایە باشووری كوردستان یەكانگیر بێت، هەم لە شەڕی دژ بە تیرۆریستان و هەم جێگیركردنی پێگەكانی دیموكراسی لە ناوچەكەدا، ‌هەستیش بە پشتیوانییەكی زۆر دەكەین بە تایبەت ئەو مامەڵە ڕاستەوخۆیەی كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستاندا دەكرێت".

 

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار