"چاكسازی بەردەوام دەبێت.. دەبێ حزبەكانیش هاوكاری پرۆسەكە بن"

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، چاكسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی گەندەڵی لە كوردستان بنبڕ دەكرێت و، قۆناغی گرینگتری چاكسازییش بەڕێوەیە.
(شوان شێخ ئەحمەد)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموركراتی كوردستان گوتی: "بڕیارە قۆناغێكی دیكەی گرینگتری پڕۆژەی چاكسازی لە حكوومەت رابگەیەنرێت، كە ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی گەندەڵی لە حكوومەتدا بنەبڕ دەكرێت".
(شێخ ئەحمەد) گوتیشی: "بڕیاری قۆناغی چاكسازیی حكوومەت، بابەتێكی یاساییە، چونكە لە پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیار لەسەر پڕۆژەی چاكسازی دراوە و دواتر سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ فراكسیۆنەكان و پەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە قسەیان كردووە و سەرجەمیان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی دەبێت چاكسازی بكرێت، بەڵام كە پرۆسەكە دوا كەوتووە، پەیوەندی بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە هەیە".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت، بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا قۆناغی دووەمی چاكسازی ڕابگەیەندرێت كە خۆی لە چەند سێكتەرێكی گرینگدا دەبینێتەوە و دەبێت بە هەموو لایەكەوە پشتگیریی هەنگاوەكانی چاكسازی بكەن.
زیاتر گوتی: "لە ئاستی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە تا دوادامەزراوەی هەرێمی كوردستان، پشتگیری لە هەنگاوی چاكسازی دەكەن و حزبەكانیش دەبێت هاوكاری ئەو پرۆسەیە بن".
كارزن سەباح




