وەزارەتی ناوخۆی توركیا: نابێ بە هۆی شەڕەوە، تەرم لەسەر شەقامەكان بمێنێتەوە

ئانكارا-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی توركیا، یاسای پزیشكی دادی سەرلەنوێ هەموار كردەوە و، چەند گۆڕانكارییەكی لە یاسایەكەدا كردووە و، لە رۆژنامەی فەرمییشدا بڵاوی كردەوە بۆ ئەوەی رای گشتیی توركیا ئاگادار بێت، بەڵام لە باكوور سەرۆك شارەوانییەكان كەمتەرخەم بوونە بەرانبەر بە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە.
بە گوێرەی یاسەیەكە، هەر تەرمێك ئەگەر لە ماوەی 3 رۆژدا كەسوكاری پەیدا نەبوو، یاخود خاوەنی تەرمەكە نەهات بۆ وەرگرتنی تەرمەكە، ئەوكات لەسەر سەرۆكی شارەوانی یان پارێزگارە كە ئەركی ناشتنی تەرمەكە بگرێتە ئەستۆ، بە پێچەوانەوە سەرۆك شارەوانی سزا دەدرێت.
بەڵام لە باكوور سەرۆك شارەوانییەكان ئەو بڕیارەیان جێبهجێ نەكردووە، بۆیە وەزیری ناوخۆی توركیا چەند سەرۆك شارەوانییەكی لە كارەكەی دوور خستەوە.
(ئافكان ئالا) وەزیری ناوەخۆی توركیا، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی داوە، بە هۆی شەڕەوە لە چەند ناوچەكی جەزیرە و سلۆپی و ناوچەی سوور چەندین تەرم لە كاتی خۆیدا نەنێژراون. یاخود كاتێك تەرم لەسەر شەقامەكاندا دەكەوێت، پێویستە بە زووترین كات شارەوانی بە هانای تەرمەكەوە بچێت و هەڵی بگرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە كە چەند سەرۆك شارەوانییەك كەمتەرخەم بوونە بەوەی ئەو تەرمانەیان لە كاتی خۆیدا نەناشتوە و، بۆ ماوەیەك لە پزیشكی دادی هێشتوویانەتەوە، بۆیە چەند سەرۆك شارەوانییەك لە پۆستەكەیان دوور خراونەتەوە.
هەروەها باس لەوەیش كراوە كە، شەڕكردن نابێت ببێتە هۆكاری ئەوەی تەرم لەسەر شەقامەكاندا بكەوێت، یاخود شارەوانی لە كاتی خۆیدا نەینێژێت. دەبێت زوو ببنە خاوەنی ئەو تەرمانە.
كارزان گلی




