٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستوورێكی تازە قۆڵی لێ هەڵماڵی

سەرچاوە: KDP.info
(ئیسماعیل كەهرەمان) سەرۆكی پەرلەمانی توركیا

 

ئانكارا-KDP.info- (ئیسماعیل كەهرەمان) سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەسەر لیستی ئاكپارتی، نامەیەكی بۆ هەموو سەرۆكی پارتییەكانی ناو پەرلەمانی توركیا نارد و، لە نامەكەدا داوای لێیان كردووە كە خۆیان ئامادە بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دەستوورێكی تازە بۆ توركیا.

(كەهرەمان) لە نامەكەدا ئاماژەی داوە كە، تاوەكو 25 ـی ئەم مانگە هەر پارتییە و 3 كەس دەستنیشان بكات بۆ ئەوەی بتوانن گفتوگۆ لەسەر دەستوورێكی تازە بۆ توركیا بكرێت. لەناو پارتییەكاندا نامەی بۆ هەدەپەیش ناردووە. هەروەها لە نامەكەدا باسی لەوەیش كردوە كە خۆی سەرۆكایەتیی ئەو لیژنەیە دەكات كە بۆ دەستوور پێك دەهێنرێت.

پارتییەكانی ناو پەرلەمانی توركیا پێیان باشە كە دەستووری توركیا گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام هەرسێ پارتییە ئۆپۆزسیۆنەكەی توركیا دەڵێن ئەگەر دەستووری تازە دەستوورێك بێت سیستەمەكەی سەرۆكایەتی بێت، ئەوان بە هیچ شێوەیەك گفتوگۆی لە بارەوە ناكەن.

(كەمال كلیچدارئۆغلو) سەرۆكی جەهەپە لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵی "ئێن تی ڤی" توركیا، بە ئاشكرا ئاماژەی دا كە ئەوان بە هیچ شێوەیەك سیستەمی سەرۆكایەتییان ناوێت و، رەتی دەكەنەوە.

هاوسەرۆكی هەدەپەیش (سەڵاحەددین دەمیرتاش) دەڵێت، بۆ ئێستای توركیا پێویستە سیستەم پەرلەمانی بێت، نەك سەرۆكایەتی، بۆیە لەگەڵ سیستەمی سەرۆكایەتیدا نین.

سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغلو) لە وتارێكی كە لە ئەفیون پێشكەشی كرد، گوتی، توركیا پێویستی بە سیستەمێكی سەرۆكایەتییە. ئەم گوتەیەی (داوودئۆغلو) پەیامێك بوو بۆ ئۆپۆزسیۆنی توركیا بەوەی لە دەستووری تازەدا سیستەم سەرۆكایەتییە و، بە هیچ شێوەیەك لە پاڵ ئەو دەستوورەدا پڕۆژەیەكی دیكەیان نییە.

بە گوێرەی زانیارییەكان، ئاكپارتی بە هیچ شێوەیەك ئەلتەرناتیڤی بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی دانەناوە لە كاتی رەتكردنەوەی ئەو سیستەمە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، واتە ئەگەر گفتوگۆكردن لەسەر دەستووری تازە، گفتوگۆكردن بوو لەسەر سیستەمی سەرۆكایەتی و، ئۆپۆزسیۆنیش رەتی كردەوە، ئاكپارتی دەستوورێكی تازەی لە چوارچێوەی سیستەمێكی پەرلەمانیدا ئامادە نەكردووە.

 

كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار