" ناچێتە ئەقڵەوە پارێزگار و ئەنجومەن، ئاگاداری نەوت نەبن"

ههولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بە لوولەنەوتی خۆیدا نەوتی كهركووك دەنێرێتە بەندەری جەیهان و داھاتەکەشی دەچێتەوە بۆ بەغدا؛ ناچێتە ئەقڵەوە پارێزگار و ئەنجومەن، ئاگاداری نەوت نەبن.
(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر ئەوەی نەوتی کەرکووک ھیچ ڕێگەیەک نەبووە ھەناردەی دەرەوە بکرێت بەرێککەوتنێک لەگەڵ ھەرێم ئەو نەوتە ھەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت و لەوێیش ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت و داھاتەکەشی بۆ ھەرێمی کوردستان نییە و دەچێتەوە بۆ بەغدا، جا گریمان بەغدا بڕوبیانوویەکی هەبێ وا پشکی هەرێم نادات، بەڵام مادامەکینێ پارەی نەوتی کەرکووک دەچێتەوە بەغدا، بۆ دەبێ پشکی کەرکووک نەدات!"
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، ئەگەر ھەرێم نەوتەکەی کەرکووک بۆ خۆی بفرۆشێت ئەوکات بەغدا نەک پترۆدۆلار بگرە مووچەکەشیان لێ دەبڕێت و، ھەرێمی کوردستان ئامادە نییە ببێتە بایس بڕینی مووچەی خەڵکی کەرکووک."
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، تا کۆتایی ٢٠١٥ داھاتی نەوتی کەرکووک بۆ بەغدا گەڕاوەتەوە، بۆیە پێویستە وەک پارێزگاکانی دیکە بەغدا پارەی پترۆدۆلار بۆ کەرکووک ڕەوانە بکات.
(دڵشاد شەعبان) ڕایشیگەیاند، نەوتی کەرکووک ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، ممکن نییە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لەو پارێزگایەدا دەستەڵات دارە لێی ئاگادار نەبن؛ ھەرچەندە نەوت لە دەست وەزارەتی نەوتی عێراقدایە، بەڵام ئەوانیش لێی ئاگادارن.
بڵند ئیبراھیم




