٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نۆ رۆژە هیچ بارهەڵگرێك بە حاجی ئۆمەراندا رەت نەبووە

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info-  بەوپێیەی نۆ رۆژە هیچ بارهەڵگرێك بە حاجی ئۆمەراندا رەت نەبووە، ئێران زیان لە كاسبكاران و شوفێرانی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەدات.

بە هۆی ئەو شەپۆلەی بەفربارین كە ناوچەكەی گرتووەتەوە، نۆ رۆژە جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران وەستاوە، هۆكارەكەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا ئێران ئامادە نییە دیوی خۆی لە بەفر خاوێن بكاتەوە.
(مەغدید عەریف) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زیاتر لە مەترێك بەفر باریوە، ئێرانیش دیوی خۆی لە بەفر پاك نەكردووەتەوە، بۆیە ماوەی نۆ رۆژە جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پەكی كەوتووە و جووڵەی گەشتیارییش وەك پێویست نییە، چونكە رێگەی هاتوچۆ لە دیوی ئێران زەحمەت بووە، هەر كاتێكیش رێگەكان بە تەواوی پاك كرایەوە، جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری ئاسایی دەبێتەوە".

گوتیشی: "چەندین جار داوامان لە ئێران كردووە دیوی خۆ خاوێن بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا ئامادە نییە ئەو كارە بكات، ئەگەرنا سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، سنوورێكی گرینگە بۆ هەرێمی كوردستان لە رووی ئابووری و داراییەوە، بەڵام لەم چەند رۆژەدا كە جموجۆڵی بازرگانی وەستاوە، زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و تەنانەت زیانی بۆ كاسبكاران و شوفێرانی ناوچەكەیش هەبووە، بۆیە ئومێد دەكەین بە زووترین كات رێگەكان پاك بكرێنەوە، بۆ ئەوەی  جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری دەست پێ بكاتەوە".

سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، كە سنوورێكی گرینگی بازرگانی و گەشتیارییە و هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران بەیەكەوە دەبەستێتەوە، لە ساڵی 2008ـدا بەفەرمی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە كراوەتەوە.


رابین شێروانی   

هەواڵی پەیوەندیدار