"ههنگاوی گهورهتری چاكسازی بهڕێوه"

ههولێر-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەم ماوەیەدا سەرۆکی حکوومەت هەنگاوی زۆر گەورەتر لە بواری چاکسازی ڕادەگەیێنێت، بۆیە پێویستە وەک پرۆسەیەکی نیشتمانی هەموو لایەنەکان هاوکار و پاڵپشتی حکوومەت بن، هەروەها لەو ماوەیەدا (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ لایەنەکاندا کۆ دەبێتەوە و تەواو هەوڵی خۆ دەدات بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان.
(فرسهت سۆفی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی زەرد، وا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "هەموو لایەنە سیاسییەکان پێشوازییان لە پەیامەکەی (سەرۆک بارزانی) کرد، کە بە بۆنەی سەری ساڵەوە بڵاوی کردبوویەوە، ئەمڕۆیش کە لەگەڵ نوێنەری وڵاتاندا کۆ بوویەوە، زۆر بە ڕوونی باسی لەوە کردووە کە کێشەکانی ناوخۆ چارە دەبن و بۆ چارەکردنی کێشەکانیش لەگەڵ تەواوی لایەنەکان کۆ دەبمەوە ئەوەیش شتێکی زۆر باشە و لایەنەکانیش هەر ئەوەیان لە (سەرۆک بارزانی) چاوەڕوان دەکرد؛ بەرپرسیارەتییەکی گەورەیە، لەگەڵ ئەوەیش ئەو پەیامە کەسێک داویەتی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، جا پێم وایە کێشەکان چەند گەورەیش بن هەر پێی چارە دەکرێت، بۆیە گەشبینم لە ئایندەیەکی نزیکدا دانوستان دەست پێ بکاتەوە و (سەرۆک بارزانی) تەواو هەوڵی خۆ دەدات بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە."
گوتیشی: پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە دەم بانگەوازی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەەوە بێن و ئەو دۆخەی هەرێمی کوردستان چارە بکەن.
(فرسهت سۆفی ) دهیشڵێ، ئەوەی ئێمە بینیمان و لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتدا کۆ بووینەوە زۆر جددیە لەوەی کە نابێت چیدیکە بەو شێوەیە دۆخی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت؛ هەم خۆیان بیرۆکە و پڕۆژەی نوێیان پێ بوو، هەم ئەوەی ئێمەیشیان وەرگرت، چاوەڕوانین تا چەند ڕۆژی دی بڕیاری زۆر گرنگ دەربچێ، ئەوەی لە کۆبوونەوەی 21ـی مانگدا بڕیاری لەسەر درا تەنیا سەرەتایەک بوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، بەڵام وەک ئەوەندەی زانیبێتمان و پێمان گوتراوە، بڕیاری زۆر گەورەتر دەردەکەن و کاری زۆر باشتریش دەکەن.
(سۆفی) گوتیشی: "(سەرۆک بارزانی) لە پەیامەکەی خۆیدا داوای لە حکوومەت کرد چاکسازیەکی ڕاستەقینە بکات، بۆیە پێویستە وەک پرۆسەیەکی نیشتمانی هەموو لایەنەکان هاوکار و پاڵپشتی حکوومەت بن، چونکە ئەمڕۆ گەلی کوردستان پێویستی بەوەیە هەموومان بەیەکەوە خۆمان ڕێک بخەینەوە و چاکسازی بکەین، بۆ ئەوەی ئەو قەیرانە داراییەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە تێبپەڕێنین."
ڕابین شێروانی




