٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

5هه‌زار خێزان چوونه‌ته‌وه‌ دەڤەری شنگال

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info-  بەرپرسی کاروباری ئێزدییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاند،  تیرۆریستانی داعش لە ناوچە ئێزدینشینەکاندا 42 مەزارگە و نیشانەی ئێزدییەکانیان تەقاندووەتەوە و لەناو براون؛ دوای ئازادکردنی شنگال زیاتر لە 4900 خێزان گەڕاونەتەوە شنگال و دەوروبەری.

)هادی دوبانی) بەرپرسی کاروباری ئێزدییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای هاتنی داعش لە مانگی 8ـی ساڵی 2014 بۆ شنگال و دەوروبەری 42 مەزارگە و نیشانەی کوردانی ئێزدی لەناو براون  و خراپ کراون."
گوتیشی: "لەو شارە زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکە مەزارگە و نیشانەکانی ئێزییەکان لەناو براون، لەگەڵ ئەوەیش چەند ناوچەیەک ماون ئازاد بکرێن؛ دوای ئازادبوونی ئەو ناوچانە بە دیار دەکەوێت کە تیرۆریستانی داعش چەند مەزارگە و نیشانەی ئێزدییەکانیان لەناو بردووە.
) دوبانی) ئەوەشی گوت: "دوای ئازادکردنی شنگال و دەوروبەری زیاتر لە 4هەزارو900 خێزانی شنگالی کە ئاوارەی دهۆک و ناوچەکانی دیکە ببوون، گەڕاونەتەوە سنوونێ، خانەسۆرێ و سەر چیای شنگال."

بەرپرسی کاروباری ئێزدییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک، دەیشڵێ: "چاوەڕێ دەکەین دوای گەرمداهاتنی کەشوهەوا و  ئاوەدانبوونەوەی ناوچەکە، ئاوارەکان زیاتر بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار