سنووری نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل كرایەوە

زاخۆ-KDP.info- دوای 23 رۆژ لە داخرانی، سنووری نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل كرایەوە، بەوەیش جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان هەرێم و توركیادا دەست پێ كردەوە.
(خەلیل مەحموود) قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای كۆبوونەوە لە نێوان هەر دوو گومرك لە دیوی هەرێم و توركیا، بڕیار درا دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بكرێتەوە، ئێستا زیاتر لە 10 هەزار ئۆتۆمبێل و بە سەدان گەشتیار لە هەر دوو دیوی هەرێم و توركیا گیریان خواردووە، بەڵام ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان هاتوچۆ دەكەن و هیچ كێشەیەك نییە".
زیاتر دەڵێ: "دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، رێگای سەرەكیی بازرگانییە لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا، بە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەكانی باكووری كوردستان و قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە شارە كوردییەكانی باكووری كوردستان لە 14ـی مانگی رابردوودا، بە بڕیاری پارێزگاری شرنەخ داخرا".
قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ، ئەوەیشی گوت: "مانگی رابردوو (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیادا كۆ بووەوە، كە یەكێك لە هەوڵەكانی ئەوە بووە رێگەچارەیەك بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە".
شایانی باسە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكان، پێش ئەوەی دەروازەكە دابخرێت، رۆژانە زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هاتوچۆیان دەكرد، لەگەڵ سەدان گەشتیار، كە ساڵانە بە بڕی 8 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕ لە نێوان ئانكارا و هەولێر لە رێگای دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە دەكرێت.
رابین شێروانی




