٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان: هەواڵە چەواشەكارییەكان رەت دەكەینەوە.. چاكسازیمان كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكدا كە بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ناردووە، تەواوی ئەو هەواڵانە رەت دەكاتەوە كە گوایە 85 راوێژكار پلەیان بەرز كرابێتەوە بە پلەی بریكاری وەزیر. ئەوەیش دەخاتە ڕوو: "پێچەوانەكەی راستە و چاكسازیمان كردووە".

دەقی روونكردنەوەكە:

دوای پڕۆژە چاكسازییەكەی سەرۆكی حكوومەت، یەكەمین دەزگای شەرعیی كوردستان، پەرلەمان بوو پاڵپشتیی تەواوی ئەم پڕۆژەیەی كرد و جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی راوێژكاری لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان، بە ئامادەبوونی راویژكارانی دارایی پەرلەمان ئەنجام دا و بڕیار درا ئەم چاكسازییە تەواوی سیكتەرەكانی دیكەیش بگرێتەوە .

هەر بۆیە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە نێو راگەیاندنەكان هەواڵێك بڵاو بووەتەوە بۆ چەواشەكاری، گوایە 85 راوێژكار پلەیان بەرز كراوەتەوە بە پلەی بریكاری وەزیر، كە ئەم پلەیە پێشتر هەبووە لەبەر ویستی شەخسی و حیزبی بەڵام، ئێمە تەواوی ئەو هەواڵانە رەت دەكەینەوە و ئەم جۆرە پلەیەمان نەهێشتووە و هاوتامان كردووە، واتە پێچەوانەكەی راستە و ئێمە چاكسازیمان كردووە، هاوكات ئەم پلەیە لە رووی مەعنەوییەوە هاوتا كراوە نەك ماددی و تەواوی راوێژكارەكان 23 راوێژكارە و پلەیان بەرز نەكراوەتەوە بەڵكو هاوتا كراوە و شتێك نییە بە ناوی (أ و ب)ـوە و لەو 23 راوێژكارەیش 11ـیان سەر بە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانن و 3 راوێژكاری سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە و 4 راوێژكار سەر بە پارتیی دیموكراتی كوردستان و مەسیحییەكان بە راوێژكارێك و توركمانەكان بە هەمان شێوە بەشدارن، هەروەها یەكگرتووی ئیسلامی دوو راوێژكار و كۆمەڵیش راوێژكارێكی هەیە و بە بڕیاری لیژنەكان ئەم كارە كراوە، بۆیە لێرەوە پێتان رادەگەیەنین لە ڕووی داراییەوە نابێت مووچەی راوێژكار زیاتر بێت لە ئەندامی پەرلەمان و وهاوتا دەبێت وەك راوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران و، لەلایەن لیژنەی دارایی و یاسایی پەرلەمانی كوردستان لە دیراسەتداین بۆ دوابڕیار و زیاتر رێكخستی مووچە باڵاكان كە گونجاو بێت لەگەڵ ئەم چاكسازییەدا، رای گشتی دڵنیا دەكەینەوە، راسپاردەكانی لیژنەی دارایی رەچاو كراوە كە ئیفاد كەم بكرێتەوە و زیادەمەسرەف نەكرێت و هەرچی پاشەكەوت بكرێت بۆ خانەوادەی شەهیدان و مەسرەفی بەرەكانی جەنگ و پێشمەرگە لە رێگای لیژنەی پێشمەرگەوەئەنجام بدرێت.

نووسینگەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

          4/1/2015

هەواڵی پەیوەندیدار