"ئهوەی نایەوێ کورد ببێتە دەوڵەت، خائینە"

ههولێر-KDP.info- گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند، سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کوردیان پێ خۆشە و، بە هەموو شێوەیەکیش پشتی دەگرن؛ لەگەڵ ئەوەدانە زووتر دەوڵەتی کورد ڕابگەیێنرێت؛ ئەو لایەنانەی ناڕاستەوخۆ دژایەتی دەوڵەتی کوردی دەکەن ئەوە خیانەتێکی گەورەی نیشتمانی بە دواوە دێت و، خیانهت دهكهن.
( عەبدوڵا وەرتی) وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کورد هەر دەبێتە دەوڵەت و، حەتمییە؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی نەخشە سەدساڵانەکەی سایکسپیکۆ داڕێژراوە؛ ئەمساڵ سەد ساڵەکەی دەبڕێتەوە؛ ئەگەر کورد بە وریاییەوە مامەڵە نەکات، دیسان تووشی سایکسپیکۆیەکی دیکەی دەکەن و، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ کورد دادەڕێژنەوە، جا بۆیە پێویستە سەرکردایەتی کورد زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا بکات، چونکە تاکە فرسەتێکە بۆ گەلی کورد، جارێکی دیکە ئەو فرسەتە دروست نابێت، بۆیە ئێمە وەک بزووتنەوەی ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لەسەربەخۆی کوردستان و دەوڵەتی کوردی دەکەین."
گوتیشی: "دەبێت لایەنەکان هەموو کێشە ناوخۆییەکان وەلاوە بنێن و یەکدەنگ و یەکڕیز بن، بۆ ئەو بابەتە؛ چونکە مێژوو ڕەحم بە هیچ لایەنێک ناکات، ئەو لایەنانەی ناڕاستەوخۆ دژایەتیی دەوڵەتی کورد دەکەن ئەوە خیانەتێکی گەورەی نیشتمانیی بە دواوە دێت".
ڕابین شێروانی




