داعش ٧٥ پۆلیسی پێشووی عێراقی کوشت

مووسڵ-KDP.info- سەرباری ئەوەی کە تۆبەیشیان کردبوو، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، ٧٥ پۆلیسی پێشووی عێراقی کوشت.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ٧٥پۆلیسی پێشووی عێراقیان گولـلەباران كرد، كە پێشتر تۆبەیان كردبوو.
(رەجەب) گوتیشی، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە ناحیەی مەحلەبییە لە رۆژئاوای مووسڵ، مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كرد و، بەو هۆیەوە حەوت تیرۆریستی داعش كوژران كە چواریان چیچانی بوون.
ئەمەیش لە كاتێكدایە، لەدوای ئازادكردنی رەمادی، رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە مووسڵ دەستیان كردووە بە هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردن و گولـلەبارانكردنی پۆلیس و سەربازانی پێشووی سوپای عێراق، چونكە ترسیان هەیە لە كاتی ئازادكردنی مووسڵدا، هاوكاریی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكەن.
بڵند ئیبراهیم




