دزەیی: ئەم حەفتەیە ٢٩ ملیار و ٨٠ ملیۆن دینار دەگاتە هەولێر

هەولێر-KDP.info- بڕیار بوو حەفتەی رابردوو پارەی قەرەبووی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان بگاتە هەولێر، لەم بارەیەوە بەرپرسی فۆڕمی خۆراكی هەولێر دەڵێت، هۆكاری نەگەییشتنی پارەكە، بۆ نەبوونی پارەی نەقدی دەگەڕێتەوە و هیچ هۆكارێكی دیكە نییە.
(دارا دزەیی)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیار بوو هەفتەی رابردوو پارەی قەرەبووی خۆراكی مانگانە بگاتە هەولێر، بەڵام نەگەییشت، بۆیە ئەمڕۆ پەیوەندیم بە بەغداوە كرد و باسیان لەوە كرد كە هیچ هۆكارێك نییە بۆ دواخستنی، تەنیا پارەی نەقدی نەبووە، بۆیە بڕیارە ئەم هەفتەیە پارەكە رەوانە بكەن".
(دزەیی) گوتیشی، لیستی ناوەكان و بڕی پارەكەیش دیاری كراوە كە ٢٩ ملیار و ٨٠ ملیۆن دینارە و، هەر كاتێگ بگات، دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.
ڕوونیشی كردەوە، هەر هاووڵاتییەك ١٨هەزار دیناری پێ دەدرێت، كە ئەمە قەرەبووی چەند مانگێكی خۆراكی مانگایە.
هاوكات بریكارێكی دابەشكردنی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان لە سنووری پارێزگای دهۆك بە ناوی (لوقمان عەزیز)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لە سنووری پارێزگای دهۆك پارەكە گەییشتووە و ماوەی دوو رۆژە دەستیان بە دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتیاندا كردووە.
بڵند ئیبراهیم




