مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەر و مامۆستایان بووە بە کێشە

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێم زیاتر لە 10 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا مۆڵەتی بێمووچەیان وەرگرتووە. جەختیشی كردەوە، هەر حاڵەتێكی پێویست هەبێت، پێنج ساڵ مۆڵەتی بێمووچە دەدەنە مامۆستایان.
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (پشتیوان سادق)، لە وەڵامی پرسیارێكی ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە مۆڵەتی بێمووچە، راگەیاند: "پرسی مۆڵەت یەكێكە لە كێشە هەرەدیارەكانی ئێمە و ئێستا نزیكەی ١٠هەزار مامۆستا و فەرمانبەر مۆڵەتی بێمووچەیان لە وەزارەتی پەروەردە وەرگرتووە، بۆیە ئەمە گرفتی بۆ ئێمە دروست كردووە، مۆڵەتەكانیش بریتین لە ٢ هەزار و ٥٠٠ مۆڵەتی بێمووچە و زیاتر لە دوو هەزار مۆڵەتی دایكایەتی، هەروەها زیاتر لە هەزار مۆڵەتی نەخۆشییش وەرگیراوە، بۆیە زۆر جۆرە مۆڵەت لای ئێمە هەیە و ئەمانە كاریگەرییان لەسەر وەزارەت هەبووە".
(پشتیوان سادق) گوتیشی، ئەنجوومەنی وەزیران بۆ فەرمانبەران پێنج ساڵی كردووەتە مۆڵەت و بۆ مامۆستایان سێ ساڵە، بەڵام ئەگەر حاڵەتی زۆر پێویست هەبێت، بۆ مامۆستایانیش دەكرێتە پێنج ساڵ.
بڵند ئیبراهیم




