كوردانی ڕۆژئاوا، نابێ ناماقوڵییهكانی حاجی ئهحمهدی و داتاشراوهكانی پهكهكه قەبووڵ بكرێ

هەولێر -KDP.info- كوردانی ڕۆژئاوا داوا دەكەن پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و سەرجەم گەلی كورد، چیدی لە (حاجیئەحمەدی) هاوسەرۆكی پژاك و هاوپێڕەکانی و، لقوپۆپەكانی تری پەكەكە قەبووڵ نەكات؛ جەختیش دەكەنەوە كە چی کلکی پەكەكە هەیە، لەوەتی هەنە ئاڵای پیرۆزی كوردستانیان قەبووڵ نەكردووە و، چوونەتە سەنگەری دوژمنانی كوردەوە و، پیلان لە گەلی کورد دەگێڕن. دەیشڵێن: "ئەم قسانەی (حاجیئەحمەدی) هاوسەرۆكی پژاك ڕێک قسەی ڕژێمە كوردکوژەکانە."
لەو چەند ڕۆژەدا (حاجیئەحمەدی) هاوسەرۆكی پژاك، لە لێدوانێكی بۆ میدیاكانی پەكەكە دەرهەق بە گەلی كوردستان و مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و ئاڵای پیرۆزی كوردستان، ناماقووڵییەکی کرد؛ ئەو کابرایە، سەرئێشەنانەوە بۆ گەلی كوردستان و وەرگرتنی گومرگ و، بەنگەمەنی (مخدرات)فرۆشی كە (حاجیئەحمەدی) و تاقمەكەی لە سنوورەكاندا دەیکەن، بە شۆڕش دەزانێ! کەچی سەدساڵ قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ ئازادی و پاراستنی ناسنامە بە شۆڕش نازانێ! (حاجیئەحمەدی) دەستتێكەڵكردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی سووریا و دەركردن و تۆقاندنی خەڵكی تێكۆشەری كورد بە شۆڕش دەزانێ و، خەباتی پەنجاساڵەی كورد لە ڕۆژئاوا بە یاخیبوون لەقەڵەم دەدات!
(سەعید عومەر) كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لە كەمپی قوشتەپە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم وتانەی (حاجیئەحمەدی) هاوسەرۆكی پژاك بۆ گەلی كورد شتێكی نوێ نییە! ئەوەتا پەیەدە كە لقێکی تری پەكەكەیە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر و لە ڕۆژی ئاڵای كوردستاندا، هەتا پێی کرا سووكایەتیی بە ئاڵای كوردستان كرد. خەڵكی لەسەر بەرزكرنەوەی ئاڵای پیرۆزی كوردستان دەستگیر كرد! ئاڵای كوردستانیان بنپێ کرد. ئا لەو کاتەدا وا ڕۆژ نییە پێشمەرگە لەژێر ئەو ئاڵایەدا شەهید نەبن. نەتەوەیەك شانازی بەو ئاڵایەوە دەكات."
(سەعید عومەر) ڕوونیشی كردەوە: "لقەکانی پەكەكە لەوەتی هەنە، ئاڵا پیرۆزەکەی كوردستانیان پێ هیچە؛ هاوسەنگەری دوژمنانی كورد بوون لە پیلانگێڕان دژ بە پیرۆزییەكانی گەلی كورد و بە تایبەت ئاڵای كوردستان."
(هاشم عەبدوڵڵا) كوردی ڕۆژئاوای كوردستان لە كەمپی كەورگۆسك بە KDP.infoـی ڕاگەیاند: "ئاڵای كوردستان، ئاڵای هەموو گەلی كوردە، ئەوە بنەماڵەی (بارزانی) و پێشمەرگەكانی كوردستانن كەوا سەدەیەكە خوێن لەپێناو ئەم خاكە و ئەم ئاڵایە و نەتەوەی كورد دەڕێژن، نەوەك پەكەكە و داتاشراوەكانی و پەژاكەكەی (حاجیئەحمەدی). نابێ پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و سەرجەم گەلی كورد چیدی لە (حاجیئەحمەدی) هاوسەرۆكی پژاك و چەندانی دی و، لقوپۆپەكانی تری پەكەكە قەبووڵ بكات بەردەوام بن لە ناماقوڵیکردن."
(هاشم عەبدوڵڵا) ئاماژەیشی دا: "ئەم پژاكەی (حاجیئەحمەدی) سەرۆكیەتی، تائێستا نەیتوانیوە دێیەكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئازاد بكات، نەك هەر نەبووەتە فریادرەسی نەتەوەكەی، بەڵكو بوونەتە سەرئێشە و مشەخۆری نەتەوەكەی خۆیان، ئەوەندەی باج و سەرانە لە خەڵكی وەربگرن لە سنوورەكان. بوونەتە پاسەوانی سەر سنووری ڕژێمی ئێران، لەم لایشەوە باسی كوردایەتی دەكەن و، خۆیان بە كورد دەزانن، کەچی سووكایەتیی بە ئاڵای نەتەوەكەیان دەكەن."
(نارین دەروێش) چالاكە كوردی ڕۆژئاوا لە كەمپی قوشتەپەوە، دەربارەی وتەكانی (حاجیئەحمەدی) ڕایگەیاند: "ئەم قسانەی (حاجیئەحمەدی) سەرۆكی پژاك هەر قسەی ڕژێمە دژەكوردەکانە؛ كە پێیان وا بوو دەتوانن پیرۆزییەكانی گەلی كورد لەكەدار بكەن. ئەم وتانەی (حاجیئەحمەدی) هاوسەرۆكی پژاك هاوشێوەی سەركردەی باڵ و لقوپۆپەكانی تری پەكەكەیە، كە هەرگیز ڕێزیان لە ئاڵای كوردستان نەگرتووە و بەردەوامن لە پیلانگێڕان دژ بە خواستەكانی گەلی كورد."
(دەرویش) جەختیشی كردەوە: "ئەم داتاشراوانەی پەكەكە دهیان ئاڵایان هەیە، خۆیشیان نازانن كامە ئاڵایان پێ پەسەندە! لەكاتێكدا تێكۆشەرانی كورد ڕووبارێك خوێنیان لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستاندا بۆ بەرزیی ئەم ئاڵا ڕشتووە. بەڵام دەمێكە لەم كردهوانەیاندا داتاشراوەكانی پەكەكە مەبەستەكانیان ڕوون بووەتەوە بۆ گەلی كورد، كە دەیانەوێت ئاڵای كوردستان شوێنبزر بكەن، چونكە ئەمانە نایانەوێ كورد ببێتە دەوڵەت."
سەرباز واحید




