تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم دەستیان پێ كرد.. زیاتر لە ملیۆنێك و٧٠٠ هەزار قوتابی بەشدارن

هەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، سەرەڕای هەموو بارودۆخە نەخوازراوەكان لەهەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی وەرزی یەكەم بە بەشداریی زیاتر لە ملیۆنێك و٧٠٠ هەزار قوتابی بە بێ گیروگرفت دەستیان پێ كرد. جەختیشی كردەوە كە، سووتەمەنی و سۆپا بۆ هەموو قوتابخانەكان دابین كراوە.
(پشتیوان سادق)، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان تێیدا بەشدار بوو، راگەیاند: "ئەمڕۆ تاقیكردنەوەی وەرزی یەكەم بۆ سەرجەم قوتابیان لە قۆناغەكانی بنەڕەتی تاوەكو ئامادەیی دەستی پێ كرد و، بە خۆشحاڵییەوە سەرەڕای هەموو بارودۆخە نەخوازراوەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ رۆژێكی گرینگە، سەرەڕای ساردیی كەشوهەوا زیاتر لە ملیۆنێك و٧٠٠ هەزار قوتابی روویان لە هۆڵی تاقیكردنەوەكان كرد، بۆیە خۆشبەختانە تاقیكردنەوەكان بە بێ گیروگرفت ئەنجام دراون، تەنیا لەهەندێك شوێن بە هۆی سەرماوە دوو سەعات تاقیكردنەوەكان دوا خران كە ئەمەیش رێژەیەكی كەمە و لە ٣%ـی قوتابخانەكان بووە".
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێم گوتیشی: "نەوت و سۆپا بۆ سەرجەم قوتابخانەكان دابین كراوە، بۆیە تاقیكردنەوەكان ٩٩% بە سەركەوتوویی ئەنجام دراون و هیوادارین بەو شێوەیە بەردەوام بن".
(پشتویان سادق) دەشڵێت، تاقیكردنەوەكان لەسەر ٦٠ نمرەیە و٤٠ نمرەیش لای قوتابخانە و مامۆستا دەبێت، كە شێوازەكەیشی ٥٠% هەڵبژاردنە و ٥٠ـیشی نووسینە، بەڵام بۆ پۆلی ١٢ـی ئامادەیی بۆ كۆتایی ساڵ ١٠٠% هەڵبژاردن دەبێت.
سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی مامۆستایانیش گوتی: "لەم هەفتەیەدا دابەشكردنی مووچە دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام رۆژی دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان ئاشكرا نییە و هیوادارین بە زووترین كات مووچەكەیان پێ بدرێت".
وەزیری پەروەردەی راشیگەیاند: "هیوا دەخوازین هەروەك چۆن هێزی پێشمەرگە سەنگەرەكانیان چۆڵ ناكەن، مامۆستایانیش بە هەمان شێوەی پێشمەرگە بن و سەنگەرەكانیان چۆڵ نەكەن".
بڵند ئیبراهیم




