پەروێز ڕەحیم دەربارەی پەیامی بارزانی: چاوەڕوانی رووداوی زۆر گەورە و ئیجابی دەکەم

هەولێر-KDP.info- (پەروێز رەحیم) کە مامۆستای کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکانە ڕیگەیاند، بارزانی لەم پەیامەیدا دووپاتی دەکاتەوە، کە ئاشتەوایی و یەکریزی و یەکگوتاری دەتوانێت ھەرێمی کوردستان بگەیەنیتە کەناری ئارام و، بەسەر سەختیی بارودۆخەکەدا زاڵ بین.
ئەو مامۆستایەی کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "(سەرۆک بارزانی) بەم پەیامەی دەریخست کە زۆر بە پەرۆشەوە چاودێریی ئەم دۆخەی ئێستای ھەرێم دەکات و، تەنانەت دەکرێت نیگەرانییەکانی بەرێزیان لەم پەیامەدا بخوێنینەوە لەمەڕ بارودۆخە ناوخۆییەکانی ئەم دواییە. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنجە کە ھیوای زۆری بە چاککردنی ناوماڵی کورد و زاڵبوون بەسەر گیروگرفتەکانیش ھەیە، وەکوو ھەمیشە جەختی لەسەر یەکریزی و تەبایی و کاری ھاوبەش و ھەروەھا گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە. "
(پەروێز ڕەحیم) کە هاوکات چاودێرێکی سیاسیی ئاگادارە دەڵێ، "ئەم پەیامە نیشانی دەدات کە سەرۆک بڕوای قووڵی بە تێگەیشتنی ھاوبەش و راوێژ و کاری بەکۆمەڵ ھەیە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و، دەیەویت پاڵپشتیی ھەموو لایەنەکان مسۆگەر بکات بۆ پلان و بەرنامە نەتەوەییەکانی لە ئاستی ناوخۆ و بۆ بەھێزبوون لە ھاوکێشە ناوچەییەکاندا."
ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە، (سەرۆک بارزانی) لە سۆنگەی بەرپرسیارەتیی قورسی خۆی و، ھەستکردن بە کەموکورتییەکانی ئێستای ھەرێم، لەم پەیامەدا ئەوە دووپات دەکاتەوە کە ئاشتەوایی و یەکریزی و یەکگوتاری، دەتوانێت ھەرێمی کوردستان بگەیەنێتە کەناری ئارام و بەسەر سەختیی بارودۆخەکەدا زاڵ بین.. سەرۆک بەم پەیامە ئەوە بەرجەستە دەکات، کە کاتێک دەتوانین ئاسایشی نەتەوەییی خۆمان بپارێزین و سیمایەکی شارستانیانەت و دیموکراسیانە لە کوردستان پێشکەش بکەین، کە لەناوخۆدا ئاشتەوایی دەستەبەر بکەین.
ئەو مامۆستایەی کۆلێژی یاسا و زانستە سیاسییەکان هاوکات گوتی، "(بارزانی) دەریدەخات کە واقیعیبوون(پراگماتیست) لە سیاسەت و نەخوولانەوە لە بازنەی بەتاڵ کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە. بەم مانایە کە نابێت دۆخی سیاسی و یاساییی ھەرێمی کوردستان بە چەقبەستوویی بمێنیتەوە و ھاووڵاتیان زەرەرمەند بن، بەڵکوو کۆی ئەزموونەکە بکەوێتە ژێر ھەڕەشە و مەترسی. بۆیە ئەمە لە سیاسەتدا بە واقیعیبوونی سەرکردە و رێبەرەکان دەناسرێت کە بەردەوام بە دەستپێشخەری، بارودۆخی نوێ دەخوڵقێنن و قۆناغەکان تیدەپەڕێنن. بۆیە دروستبوونی ھاوپەیمانی نوێی و دابەشکردنەوەی پۆستەکان و تەنانەت گۆرینی کەسەکان دەتوانێت رێگەچارە بێت."
(پەروێز ڕەحیم) باوەڕیشی وایە کە، (سەرۆک بارزانی) ھەڵگری دۆکتۆرینی سەربەخۆیی کوردستانە و بەم پێیەش کە ھاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و پارتی خاوەن زۆرترین کورسیی پەرلەمانی کوردستانە، ئەوە (سەرۆک بارزانی) دەتوانیت لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە بەپێی دۆکتۆرینەکەی و مەودای لایەنە سیاسییەکان، لەم دۆکتۆرینە ھاوپەیمانی نوێی لە پەرلەمان و حکوومەت پێک بێت.
بە ئاماژەدان بەوەی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی نوێدا، ھەڵگری مژدە و گەشبینیە بە داھاتووی کوردستان و زاڵبوون بەسەر دۆخەکە، ئەو مامۆستایە گوتی، "دڵنیاییدانە بە ھاووڵاتیان کە خۆراگرییان کردووە کە ئەم خۆراگرییە لە ئاکامدا بەرھەمی دەبینن. بۆیە من ئەم پەیامە زۆر بەرز و گرینگ دەنرخێنم و بەم پێیەش چاوەڕوانی رووداوی زۆر گەورە و ئیجابی دەکەم لە مەودای نزیک و مامناوەندیدا".
فائیزە حەمید




