سلێمان عەبدوڵڵا یوونس: گرینگە یەکەم ھەنگاوی سەرۆک لە یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد لە سلێمانییەوە بێ

ھەولێر-KDP.info- (سلێمان عەبدوڵڵا یوونس)نووسەر و ڕۆشنبیری ناسراو دەڵێ، پەیامەکەی سەرۆک رۆحیەتی نەتەوایەتی و نیشتیمانی تێدایە؛ بەڵام بایەخ و بەهای ئەم پەیامە لە جێبەجێکردنیدایە.
(سلێمان عەبدوڵڵا یوونس) کە کەسایەتیی دیاری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "پەیامەکەی سەرۆک گرینگ و کاریگەرە، رۆحیەتی نەتەوایەتی و نیشتیمانی تێدایە، بەڵام بایەخ و بەھای ئەم پەیامە لە جێبەجێکردنیدایە، جا کێ ئەم بانگەوازەی سەرۆک لە بواری پراکتیکدا جێبەجێ دەکات، من بڕوام وایە یەکەم ھەنگاو (بارزانی) خۆی بینێ، چونکە یەکەم بەرپرسارەتی دەکەوێتە سەر شانی ئەو."
ئەو نووسەرە هەروەها گوتی، "ئەم قۆناغە پێویستی بە ئاشتەوایی گشتییە، ھەر کاتی خۆیشی لەسەر ئەو بنەمایە حکوومەتی بنکەفراوانمان پێکھێناوە، من دەزانم کە وەزیفەی (بارزانی) ڕۆڵێکی قورسە لە میژوودا و، لە ئیستایشدا لەوانەیە لە ھەندێک شوێن و پێگەدا ڕۆڵی (تاڵەبانی)ـیش بگێڕێ."
(یوونس) جەخت دەکاتەوە، "ئیمە لە بەردەم دەستکەوتی گەورەداین و لە بەردەم مەترسیی گەورەیشداین، جەنابی سەرۆک لە ھەموومان زیاتر دەستکەوتەکان دەبینێ و مەترسییەکانیش دەبینێ، بۆیە من یەکەمین ھەنگاو دوای پەیامەکە بە بەرپرسیارەتیی بەرێز (بارزانی) دەزانم، کە یەکەم ھەنگاوی بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد لە سلێمانییەوە بنێ."
فایزە حەمید




