٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

یوکسەکداغ وەڵامی ئەردۆگانی دایه‌وه‌

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info-  دوای ئەوەی سەرۆککۆماری تورکیا (ڕەجەب تەییب ئەردۆگان) گوتی پێویستە حەسانە لەسەر هەردوو هاوسەرۆکی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ) هەڵبگیرێت و سزا بدرێن، چونکە دەیانەوێت تورکیا دابەش بکەن، یوکسەکداغ بە توندی وەڵامی ئەردۆگانی دایەوە.

یوکسەکداغ لە کاتی قسەکردنیدا بۆ ئەندامانی پارتەکەی لە وان، گوتی هەڵگیرانی حەسانە لەسەر ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی هەدەپە توانی 80 کورسی پەرلەمانی بهێنێت و، کاتێک ویستیان حەسانەمان لەسەر هەڵبگرن، هەر 80 ئەندام پەرلەمانەکەی هەدەپە نامەی دەست لە کارکێشانەوەیان دایە سەرۆکی پەرلەمان.
ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەیش کرد، کە ئەردۆگان بە شێوەیەک سیاسەت دەکات کە دەیەوێت تورکیا دابەش بکات و نەتەوەکانی ناو تورکیا بە کژیەکدا بدات، بەڵام هەدەپە هەموویان لە ژێر چەتری ئاشتی کۆ دەکاتەوە، بۆیە ئەردۆگانیش بەو کردارانەی ئێمە تێک دەچێت.
ئەو ئاماژە دەدات، کە ئەوەی بەڕاستی هەوڵی دووبەرەکی و دابەشکردنی تورکیا دەدات ئەردۆگانە، ئەوە ئێمە نین دژی دەستوور هەڵسوکەوت دەکەین، بەڵکو ئەوە ئەردۆگانە کە لە دەستووری تورکیا لای داوە و، پێویستە دادگایی بکرێت. من دەپرسم ئەو هەڵسوکەوتانەی ئەردۆگان دەیکات، ئایا لەگەڵ دەستووردا یەک دەگرێتەوە؟
یوکسەکداغ زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد و، دەڵێت تاوەکو ئێستا بە هیچ شێوەیەک داوای یاساییمان لەسەر تۆمار نەکراوە و، بە هیچ شێوەیەک داوای هەڵگرتنی حەسانەمان لەسەر نەکراوە، ئیتر چۆن ئەردۆگان لێدوانی لەو شێوەیە دەدات، ئەوە نیشانەی ئیفلاسبوونی ئەوە.

کارزان گلی

 

هەواڵی پەیوەندیدار