٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمه‌رگه‌ سنووری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌رێمی ده‌ستنیشان كردووه‌

سەرچاوە: KDP.info
وەزیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

هه‌ولێر-KDP.info-  وەزیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێ، ئێستا زیاتر لە 90%ـی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێردەستی هێزی پێشمەرگەدایە. لە زۆرێك لە ناوچەكان هێزی پێشمەرگە سنووری ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە.

(نەسرەدین سەعید) وەزیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "جێگای دڵخۆشییە كە دوای ڕزگاركردنی هەندێك ناوچە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە بە تایبەت شنگال، ئێستا زیاتر لە 90%ـی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێردەستی هێزی پێشمەرگەدایە. لە زۆرێك لە ناوچەكان هێزی پێشمەرگە سنووری ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستانی دیاری كردووە."
(سەعید) ڕونیشی كردەوە: "ئێستا تەنها هەندێك ناوچە لە دەشتی مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دەوروبەری شنگال و چەند ناوچەیەکی لە مەخموور ماوە كە ڕزگار بكرێن و سەداسەد خاكی كوردستان لەژێر دەستی هێزی پێشمەرگە بێت."

وەزیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایشیگەیاند: "داوامان لە حكوومەتی هەرێم كردووە هەرچی زووە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕێفراندۆم بکرێت. چونكە لەو ناوچانەدا سەرجەم چین و توێژ و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان لەژێردەستی هێزی پێشمەرگە هەست بە ئەمن و ئاساییش دەكەن و لە هێزی پێشمەرگە ڕازین. بۆیە ئەگەر ڕیفراندۆمیان لێ بكرێت دەنگ بەوە دەدەن كە ئەم ناوچانە بە فەرمی و یاسایی بگەرێنەوە باوەشی هەرێمی كوردستان."
جێگای وەبیرهێنانەوەیە كە دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیركرانی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان لە لایەن تیرۆریستانی داعش هێزی پێشمەرگە توانیویەتی بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە ڕزگار بكاتەوە.

سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار