جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە حاجی ئۆمەران پەكی كەوتووە

حاجی ئۆمەران-KDP.info- لە حاجی ئۆمەران و دەوروبەری، زیاتر لە مەترێك بەفر باریوە و لە دیوی هەرێمی كوردستانیش زۆربەی ڕێگەوبانەكان خاوێن كراونەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دیوی ئێران خاوێن نەكراوەتەوە، جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پەكی كەوتووە.
(مەغدید عەریف) بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە حاجی ئۆمەران و دەوروبەری زیاتر لە مەترێك بەفر باریوە، لە دیوی هەرێمی كوردستان زۆربەی رێگەوبانەكان خاوێن كراونەتەوە و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ نییە، بەڵام تا ئێستا ئێران دیوی خۆیان خاوێن نەكردووەتەوە، بەو هۆیەیشەوە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی حاجی ئۆمەران پەك خراوە، كە ئەوەیش وای كردووە بە دەیان گەشتیار و ئۆتۆمبێلی بازرگانی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بمێننەوە".
(عەریف) گوتیشی: "ئێستا لە حاجی ئۆمەران و چۆمان بەفر نابارێت، ئێمەیش دەستمان بە خاوێنكردنەوەی ڕێگەوبانی گوندەكان كردووە، بۆ ئەوەی گرفتی هاتوچۆ دروست نەبێت و هاووڵاتیان تووشی كێشە نەبن".
رابین شێروانی




