٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"١٧ ڕۆژە بازرگانی و هاتوچۆی لێ بڕاوە"

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ -KDP.info-  قایمقامی شارۆچکەی زاخۆ ڕایگەیاند، ئەوە 17 ڕۆژە سنوورە نێودەوڵەتییەکەی ئیبراهیم‌خەلیل داخراوە و، دیاریش نییە کەی بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی پەیوەستە بە بارودۆخی تورکیاوە، ئەوەیش کاری کردووەتە سەر کەرتی ئابووریی هەردوو وڵات، بازرگانان ناچارن ڕوو لە سنوورە نێودەوڵەتییەکەی حاجیئۆمەران بکەن.

(خەلیل مەحموود)  قایمقامی شارۆچکەی زاخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەوە 17 ڕۆژ زیاترە جموجۆڵی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی ئێبراهیم‌خەلیلەوە وەستاوە، داخستنی دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی ئیبراهیم‌خەلیل، کاریگەریی زۆر خراپی ئابووری لەسەر هەرێمی کوردستان کردووە و، بازرگانی پەکی کەوتووە؛ خۆی بەشێک لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، پەیوەندیی بەو بابەتەوە هەبوو، ئێمە و لایەنی پەیوەندیدار وا خەریکین هەرچۆنێک بووبێ دەروازەکە بکەینەوە."

گوتیشی:  "داخستنی دەروازەکە پەیوەندی بە بارودۆخی ناوخۆی تورکیاوە هەیە، ئێستا لە شار و شارۆچکەکانی جزیرێ و سلۆپی کە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلی تێدایە، شەڕ و ئاڵۆزی هەیە، تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە و دیاریش نییە کەی دەیبڕێتەوە، جا تا بارودۆخ بەو شێوەیە بەردەوام بێت دەروازەکە ناکرێتەوە؛ جا دەبێت چارەیەک بدۆزینەوە، خۆ ناکرێت بارزگانیی هەردوو لا ببێتە قوربانی ئەو دۆخە."
قایمقامی شارۆچکەی زاخۆ، دەیشڵێ: "لە دیوی هەرێمی کوردستان و لای تورکیا، گەشتیار و  ئۆتۆمبێلێکی زۆر وەستاون، هەم زیان لە هەردوو وڵات دەکەوێت، هەم لە گەشتیار و بازرگانان؛ ئەوەتا بارزگانان ڕوویان لە سنووری حاجیئۆمەران کردووە و، لەوێ کەلوپەل دەگوازنەوە، ئەوەیش کاتێکی زۆری دەوێ."

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار