٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"ئەوانەی کە مووسڵیان بۆ داعش بەجێهێشت 72 هەزار سەربازی عێراقی بوون"

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو)

توركیا-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو) رایگەیاند "چەند چەكدارێكی داعش چوونە نێو مووسڵەوە، بەڵام ئەوانەی كە مووسڵیان بۆ داعش بەجێهێشت، 72 هەزار سەربازی عێراقی بوون. ئەگەر هێزێكی ئۆپەراسیۆنی ئەوتۆیان هەیە، با داعش لە مووسڵ دەركەن.


لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی ئێن تی ڤیدا و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە لە كەمپی باشیكی نزیك مووسڵ ژمارەیەك سەربازی سوپای توركیا بوونیان هەیە، سەرۆكوەزیرانی توركیا(ئەحمەد داوودئۆغڵو)رایگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق قسەی كردوووە و باسی گەلێك بابەتیان كردووە لەنێو ئەوانەشدا بابەتی كەمپی باشیك".

سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند: "گرنگترین هۆكار و تاكە هۆكاری بوونی هێزی سەربازی توركیا لە باشیك بوونی داعشە لە عێراق و، ئەوەی لێرەدا بە هەڵە لێكدراوەتەوە ئەوەیە كە لەدوای رۆیشتنی راهێنەرانی سەربازیمان، ناردنی یەكەیەكی ئامادە بووە بەمەبەستی پاراستنی ئەوان. ئەمەم بە بەڕێز (عەبادی)یش گوتووە، كە ئەوان دژی سەروەریی خاكی عێراق لەوێ نین. ئێمە لە هەر وڵاتێكی دیكە زیاتر رێز لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەگرین".

(داوودئۆغڵو) ئاماژەی دا، كە سەبارەت بە یەكپارچەیی خاكی عێراق بەهیچ شێوەیەك هیچ دوودڵییەكیان نییە و، هەركاتێك هێزەكانی حكوومەتی ناوەند هاتن هەتاوەكو مووسڵ و ئەو ناوچەیەیان لە داعش پاك كردەوە، ئەوكاتە سەربازەكانی سوپای توركیایش دەكشێنەوە.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، كە حكوومەتی ناوەندی عێراق نەیتوانیوە ئەم سەروەرییەی لە نزیكەی سێیەكی ناوچەكانی خاكی وڵاتەكەیدا بەكار بهێنێت و گوتی: "لەنێو ئەو ناوچانەدا ئەو شوێنانە هەن كە كەمپەكانی پەكەكەیان لێیە. خۆزگە عێراق بیتوانیایە ئەوێش بپارێزێت و ئێمە ناچار نەبین هێرشی ئاسمانی ئەنجام بدەین و، لەوێوە تیرۆریست دزە نەكاتە نێو توركیاوە. داعش چ لە سنووری سووریا و چ لە سنووری عێراق راڕەوێكی درووست كردووە. سنووری عێراق- سووریا بە كردەیی بوونی نییە. هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە سوورین لەسەر درێژەدان بەم بەرەنگارییە. بەڵام ئەمە بەشێك نییە لە هیچ بابەتێكی نهێنی رۆژەڤ''.

لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە گوتەكانی وەزیری دەرەوەی عێراق جەعفەری كە رایگەیاندبوو ''ئەگەر بێت و سەربازانی سوپای توركیا نەكشێنەوە، ئەوا هیچ رێگەچارەیەكمان بۆ ناهێڵنەوە جگە لە رێگەچارەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی''، (داوودئۆغڵو) ئاماژەی بەوە كرد (جەعفەری) ئەوەندە سیاسەت دەزانێت و ئەوەندە رۆشنبیرە كە روونكردنەوەی لەوجۆرە بڵاو نەكاتەوە.

''ئەوانەی كە مووسڵیان بۆ داعش بەجێهێشت 72 هەزار سەربازی عێراقی بوون''
سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی لەوەكردەوە كە پێویستە ئەو هێزەی كە سوپای عێراق هەیەتی لەبەرامبەر سوپای توركیادا بەكاری نەهێنن، بەڵكو ئەو هێزە نیشانی داعش بدەن و گوتی:  "چەند چەكدارێكی داعش چوونە نێو مووسڵەوە، بەڵام ئەوانەی كە مووسڵیان بۆ داعش بەجێهێشت 72 هەزار سەربازی عێراقی بوون. ئەگەر هێزێكی ئۆپەراسیۆنی ئەوتۆیان هەیە، با داعش لە مووسڵ دەركەن. پێم وانییە بەڕێز (عەبادی) یان تەنانەت بەڕێز (جەعفەری) لە زانیارییەوە ئەمەیان ئەنجام دابێت. بەڵام ئەوەی فشار دەخاتە سەر ئەوان ژمارەیەك ناوەند و ژمارەیەك لە وڵاتانی سێیەمن كە ئەمە بژاردەكەیانە، دەیانەوێت گرژییەكانی نێوان عێراق و توركیا هەڵكشێنن. پێویستە هەموو پیاوێكی عاقڵ و پێگەیشتووی دەوڵەت لە عێراق و توركیا ئەوە ببینێت كە توركیا و عێراق دوو وڵاتن زۆرترین پێویستیان بە بەرژەوەندی و سەقامگیریی یەكتری هەیە. هیچ كاتێك چالاكییەكمان ئەنجام نەداوە كە زیان بە عێراق بگەیەنێت، بەڵام لە خاكی عێراقەوە چالاكی ئەنجامدراوە كە زیانی بە ئێمە گەیاندووە".

AA

هەواڵی پەیوەندیدار