موحەرەم ئینجە: باكوور وەكو فیلمە سینەماییەكانی ئەمەریكای لێ هاتووە

ئامەد-KDP.info- (موحەرەم ئینجە) پەرلەمانتاری پارتیی گەلی كۆماری "جەهەپە"، بۆ سەردانیكردنی خانەوادەی (تاهیر ئیلچی) كە مانگی رابردوو بە دەستی چەند چەكدارێكی نەناسراو شەهید كرا، سەردانی ئامەدی كرد و، پاشان بەنێو ئامەددا گەڕا و ویستی لێكۆڵینەوەیەك لەسەر بارودۆخی ئەو شەڕە بكات كە لە ناوچەكەدا بەرپا بووە. ئەو ئاماژەی دا كە، لە باكوور تراژیدیا هەیە.
(موحەرەم ئینجە) بۆ رۆژنامەی "سۆزجو" ئاماژەی داوە، كاتێك بەنێو ئامەددا دەگەڕێیت، دەنگی تەقە و تۆپت گوێ لێ دەبێت، خەڵك دووچاری شۆكێكی گەورە بووە، چونكە ژیانیان لەوپەڕی ناخۆشیدایە.
ئەو لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە گەنجێكی ئامەد كرد، كە هاتووەتە بەردەمی و پێی گوتووە: "ئێرە وەكو فیلمە سینەماییەكانی ئەمەریكا وایە و، رۆژانە بۆمب دەتەقێتەوە و خەڵك دەكوژرێت". هەروەها گوتووشیەتی: "بۆچی پارتییەكەی ئێوە ئەوەندە گرینگی بە ئێمە و ژیانمان نادات، ئیتر بەسە كێشەكەمان بۆ چارە بكەن".
ئەو دەڵێت: "چوومە زۆربەی كۆڵانەكانی ئامەد و، تەنانەت ئەو كۆڵانانەی زۆرترین شەڕی لێیە، بینیم كە هاووڵاتی هەیە دوكانی بە 6 هەزار لیرەی توركیایی بە كرێ گرتووە و لەبەر شەڕ دایخستووە، لە كاتێكدا دەبێ هەموو مانگێكیش ئەو كرێیە بدات. ئەوان رەخنەیان لە حكوومەت هەیە و هەروەها دڵخۆشیش نین بەو خەندەقانەی پەكەكە هەڵیكەندوون".
كارزان گلی




