ئاوەكەڵی: هەڤاڵ ئەبوبەكر بێهەڵوێست بوو.. ئامادە نەبوو كۆبوونەوە ئەنجام بدات

سلێمانی-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، رەخنە لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەگرێت بەوەی كە ئامادە نەبووە لەسەر داواكاریی سەرجەم فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەبارەی وەرگرتنی پارە لەلایەن چەند ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانییەوە ئەنجام بدات. دەشڵێت، ئەم بێهەڵوێستییەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن، وا دەكات هاووڵاتیان متمانەیان پێ نەمێنێت.
(مینا ئاوەكەڵی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی خۆی رەتی كردووەتەوە كە لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنەوە پارە لە كۆمپانیا وەرگیرابێت، بەڵام پێویست بوو دانیشتنێكی ئەنجوومەن بكرێت و داوای بكردایە كە ئەو كەناڵەی ئەو هەواڵەی بڵاو كردووەتەوە، ناوی ئەندامەكان بڵاو بكاتەوە یاخود بەڵگەكان بخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی ئێمەیش حەسانەیان لێ وەربگرینەوە و بیاندەین بە دادگا، خۆ ئەگەریش راست نییە، ئەمە شتێكی ئاسان نییە ئەنجوومەن تۆمەتبار بكات بە وەرگرتنی پارە لە كۆمپانیایەك، بەڵام بەداخەوە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن بێهەڵوێست بوو و كۆبوونەوەی بەپەلەی بۆ ئەو پرسە نەكرد".
(ئاوەكەڵی) گوتیشی: "سەرجەم فراكسیۆنەكان داوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیان كرد، بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە و بەپەلە پەیوەندی بەو لایەنەوە بكرێت كە زانیارییەكانی لایە، تا ئەو زانیاریانە پشتڕاست بێتەوە، ئەمەیش بۆ ئەوەیە جەماوەر بۆ خۆی زیاد بكات و ئەگەر راستە بۆ نایهێنێت بۆ ئەنجوومەن و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنیش داوای كۆبوونەوەی نەكردووە، ئەمە هەمووی جێی پرسیارە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەشڵێت، فراكسیۆنەكان هەموویان بەیاننامەیان دەركردووە و باس لەوە دەكەن كە، نە خۆیان و نە ئەندامانیان دەستیان لەو كارەدا نییە، ئەی ئەو كەسە كێیە ئەو كارەی كردووە، بۆیە پێویست بوو سەرۆكایەتی ئەنجوومەن دەستبەجێ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بكات و ئەگەر بەڵگە هەیە و كەسەكان دیارن، با بیخەنە ڕوو و ئەگەر دیار نییە، ئەو لایەنە بدەنە دادگا كە ئەو هەواڵەی بڵاو كردووەتەوە، چونكە ناكرێت هەواڵی لەو شێوەیە بڵاو بكرێتەوە.
جەختیشی كردەوە كە، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەن نەیتوانی لەو پرسە رۆڵی خۆی بگێڕێت، كەچی هەموو فراكسیۆنەكان داوای كۆبوونەوەی بەپەلەیان كرد، بۆیە هەستیان بە بەرپرسیارەتی نەكرد و، ئەمەیش كارێكی زۆر خراپە، لەبەر ئەوەی لە داهاتوودا هاووڵاتیان متمانەیان بە ئەنجوومەن نامێنێت، چونكە گەر شتی وا هەبێت، پێویستە بە جیددی وەڵامی هەبێت و بەدواداچوون بكات.
بڵند ئیبراهیم




