بەشار كیكی: بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ ئامادەیی تەواو هەیە

دهۆك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ، بڕێك چەكوچۆڵی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی نیودەوڵەتی گەییشتووەتە دەست حەشدینیشتیمانی و چاوەڕوانی هیی دیكەیشن، تا بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ بە كاریان بێنن.
(بەشار كیكی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیمۆكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لەوەتەی داعش هێرشی كردووەتە سەر مووسڵ و دەوروبەری و داگیری كردووە، بە هۆی بەرگری و هێرشەكانەوە سەدا٤٠ـی سنووری پارێزگای نەینەوا ئازاد كراوە.
دەربارەی رزگاركردنی یەكجارەكیی مووسڵیش، (بەشار كیكی) گوتی، هەماهەنگیی تەواو لە نێوان عێراق و ئەمەریكا هەرێمی كوردستاندا هەیە و چۆنیەتیی ڕزگاركردنی خراوەتە بەر باسەوە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هاوكات گلەیی لە حكوومەتی عێراق و هێزە چەكدارەكانی كرد بەوەی كە، وەك ئەو دەڵێ، بە هۆی بایەخی پارێزگای نەینەواوە دەبوایە بەر لە ئەنبار ڕزگار كرابایە.
(كیكی) دەشڵێ، قۆناغی دوای داعش سەخت دەبێ و، هەر كەسێك لە سنووری پاریزگای نەینەوا دەستی هەبووبێ لەگەڵ داعشاندا، بەپێی یاسا ڕەفتاریان لەگەڵدا دەكرێ و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێ.
ئاماژە بەوەی كە، بە ئازادكردنی مووسڵ داعش و بەناودەوڵەتەكی كۆتایی دێ و جەختی كردەوە كە، دەبێ سوننە هۆشیار بن و هەڵوێستیان ڕوون بێ لەوەی كە دژ بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشن و لە ڕووی فیكرییەوە ئەو ڕێكخراوە ڕەت دەكەنەوە و دژی دەوەستنەوە.
حەكیم حیكمەت




