"داعش هیچ کوێی وەک شنگال و زوممار مینڕێژ نەکردووە"

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی کاروباری مین ڕایگەیاند، ئەو ناوچە کوردنشینانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون، خراپ مینڕێژ و بۆمبڕێژ کراون.
(محەمەد ئەحمەد) سەرۆکی دەستەی 'کاروباری مین'ـی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ناوچە کوردستانیانەی لە دەستی داعش ڕزگار کراون مین و تەڵەتەقەمەنییەکی زۆریان تێدایە. داعش تەڵەبۆمبی زۆری ناوتەوە."
(محەمەد ئەحمەد) گوتیشی: "ئەو مینانەی داعش ناویەتەوە، زۆرێکی هی سەردەمی بەعسە و، هەندێکیشی لە سووریاوە هێناوە؛ هەڵبەت خۆیشیان کارگەی دروستکردنی مینیان هەیە."
دهیشڵێ، لەو 750 کیلۆمەتری دووجا مینەڵانەی هەرێمی کوردستان، 450 کیلۆمەتری دووجای لێ پاکەوە کراوە.
بەرپرسەکەی دەزگای مین جەختی کردەوە داعش جەلەولایشی مینڕێژ کردبوو، بەڵام زوممار و سنوونێ و شنگالی خراپتر لێ کردووە؛ شوێنی وایان بۆمبڕێژ کردووە، ناچێتە ئەقڵەوە؛ لە دارکارەباوە بگرە هەتا پاسکیل.
بەپێی ئاماری دەزگای مین، لە هەرێمی کوردستاندا 14هەزار کەس بوونەتە قوربانی مین و تەقەمەنی.
(محەمەد ئەحمەد) ئاشکراشی کرد هێزەکانی هاوپەیمان هاوکاری پێشمەرگە وکەتیبەی سەربازیی پێشمەرگەیان کردووە بۆ پوچەڵکردنەوەی مین و تەقەمەنی، لەگەڵ هاوپەیمان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هاوکاریی زیاتر بکەن؛ بەڵێنیان داوە هاوکاریمان بکەن و، تەکنەلۆژیان پێویستیشمان پێ بدەن؛ خۆی ئەو تەکنەلۆژیایەی داعش تەقەمەنی و مینی پێ دەنێتەوە، تیمەکانی ئێمە زۆری لێ نازانن".
سەرۆکی دەزگای مین ڕێنمایی دەداتە خەڵکی ناوەچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش کە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، گوتیشی: نابێت خەڵکی ئاسایی نزیکی ئەو شوێنانە بکەونەوە کە ئازاد کراون، تاوەکو تیمەکان دڵنیایی دەدەن کە ئەو شوێنانە پاککراونەتەوە، لەگەڵ پێشمەگەش لە خەتین کە ئەو شوێنانە بەکار بهێنن کە پاک کراونەتەوە.
ئەو بەرپرسەی مین دووپاتی دەکاتەوە داعش هەموو ڕێگا و شێوازێکیان بەکار هێناوە بۆ تەقاندنەوە، بۆیە هۆشداری دەدا کە بە وریایی مامەڵە بکرێت، وەک دەڵێ: "لە دەرگا و، پەنجەرە و، پاسکیل و، دەبەی ئاوەوە بگرە تا دەگاتە قورئان و، بەرماڵ هەموویان بۆمبڕێژ کردووە؛ بۆیە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت و هەموو شتێک مایەی گومانە و نابێت دەستی بۆ ببەن."
یەحیا سابیر




