"بەغدا كەوتە هەڵەوە.. پەشیمانە لەوەی مافە داراییەكانی هەرێمی بڕیوە"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ، بەغدا كەوتە هەڵەوە و زۆر پەشیمانە لەوەی مافە داراییەكانی هەرێمی بڕیوە. ئەندامێكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانیش ئاماژە دەدات، حكوومەتەكەی (مالیكی) و حكوومەتی ئێستای (عەبادی)، لەسەر بەرنامەی دژایەتیی كورد و بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان كار دەكەن.
(سەعد حەدیسی) گوتەبێژی نووسینگەی رۆژنامەوانیی (حەیدەر عەبادی) رایگەیاندووە: "حكوومەتی بەغدا ئامادەیە رێژەی 17%ـی بودجەی فیعلی رەوانەی هەرێم بكات، بەڵام پێویستە لە بەرانبەردا هەرێم رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات."
لەم بارەیەوە حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم قسانەی گوتەبێژی (حەیدەر عەبادی) زۆر دەرنگوەخت بوون. حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە تا مانگی شەش بە هەموو شێوەیەك پابەندبوونی خۆی دەربڕی، بەڵام حكوومەتی عێراق هیچ پابەند نەبوو بە رێككەوتنەكەی و تەنیا بەشێكی كەم لە بودجەی رەوانە دەكرد، ئەمەیش نایاسایی و نادەستووری بوو. هیچ پەیوەندییەكیش لە نێوان رادەستكردنی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە، دەبوو حكوومەتی عێراق بە یەكیان نەبەستێتەوە."
ئەو ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتیشی: "حكوومەتی عێراق كەوتە هەڵەوە و زۆر پەشیمانە لەوەی كە مافە داراییەكانی هەرێمی بڕیوە. دەبێ حكوومەتی عێراق لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم مافە داراییەكانی هەرێم بدات، چونكە ئەمە هەمووی قەرزە و لەسەر حكوومەتی عێراق بەردەوام كەڵەكە دەبێت."
(سەرحان سلێڤانەیی) ئاماژەیشی دا: "ئەگەر حكوومەتی عێراق هەموو مانگێك مافە داراییەكانی هەرێم بدات كە بۆ هەر مانگێك یەك ترلیۆن و 200 ملیار دینارە، ئەوا حكوومەتی هەرێم بە دڵنیاییەوە پابەندی رێككەوتنەكە دەبێت و هەموو رۆژێك 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەكات."
لای خۆیشیەوە (عەلی هالۆ) ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، بە KDP.infoـی راگەیاند: "كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، كێشەی كولتوور و بیركردنەوەی سیاسیی عێراق بووە. ئێمەی كورد لە دوای پرۆسەی رزگاریی عێراق لە 2003ـدا ئومێدیكی زۆرمان بە عێراقی نوێ هەبوو، بەڵام ئەوان هەمیشە لە هەوڵی زیانگەیاندن بە هەرێمدا بوون. ئەوەتا ئێستایش ئابڵووقەی ئابوورییان خستووینەتە سەر و مافە داراییەكانی هەرێمیان بڕیوە."
(هالۆ) جەختیشی كردەوە: "خو لە سەرەتای ئەمساڵدا رێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا كرا و حكوومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەستی سۆمۆ كرد، بەڵام حكوومەتی عێراق پابەند نەبوو. حكوومەتەكەی (مالیكی) و حكوومەتی ئێستای (عەبادی) لەسەر بەرنامەی دژایەتیی كورد و بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان كار دەكەن، بۆیە باوەڕ ناكەم حكوومەتی عێراق هیچ پابەندبوونێكی هەبێت و بەڵێنەكانی بباتە سەر."
سەرباز واحید




