وەزیری دادی توركیا، دەمیرتاش دەداتە بەر ڕەخنە

ئانكارا-KDP.info- وەزیری دادی توركیا، رەخنە لە هاوسەرۆكی پارتیی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" دەگرێت و دەڵێت، ئەوەی ئەو دەیكات، تاوانە و سووكایەتییە بە توركیا. ئەو باوەڕی وایە، لێدوانەكانی (دەمیرتاش) زۆر ئاشكران كە دەیەوێت توركیا دابەش بكات.
(بەكر بۆزداغ) وەزیری دادی توركیا كە بە رەگەز كوردە، لە تویتێکدا رەخنە لە (سەڵاحەددین دەمیرتاش) دەگرێت، بە هۆی ئەو وتارەی لە ئامەد پێشكەشی كرد و، دەڵێت: "(دەمیرتاش) بۆچوونی خۆی زۆر بە ئاشكرا روون كردەوە، ئەو پشتگیری لە پەكەكە دەكات و دەیەوێت توركیایش دابەش بكات. ئەو لێدوانانەی (دەمیرتاش)ـیش تاوانن و، سووكایەتین بە توركیا، هەروەها ئەو لە سایەی ئەو دیموكراتییەتەی لە توركیادا بوونی هەیە، لە پەرلەماندا بووە بە خاوەنی سیاسەتێكی چڵكن".
لە بەشێكی دیكەی نووسینەكەیدا دەڵێت: "پەكەكە پیلان دادەنێت و مین دەتەقێنێتەوە و، خەندەق و دیوار لە كۆڵانەكاندا دروست دەكات، كەچی (دەمیرتاش) هەر ئەوان دەپارێزێت. ئەوان مەبەستیانە باكوور لە توركیا داببڕن، بەڵام خەیاڵیان خاوە، سەد ساڵی دیكەیش هەوڵی بۆ بدەن هیچ ئەنجامێكیان دەست ناكەوێت".
هەروەها ڕوونیشی دەكاتەوە: "هەزاران ساڵە لە توركیا كورد و تورك بە برایانە ژیاون و هیچ كێشەیەكیان لە نێواندا نەبووە، بەڵام 100 ساڵ دەبێت ناپاكەكان دەیانەوێت نێوان كورد و تورك تێك بدەن، وەلێ هیچ ئەنجامێكیان نەبووە و نابێت".
كارزان گلی




