پێشینه و میكانیزمی تووندوتیژیی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان، چۆن كرایه ره‌فتاری فه‌ردی؟

سه‌رۆ قادر
-به‌شی سێیه‌م-
به‌رهه‌مهێنانی تووندڕه‌وی و
هاندان بۆ تووندوتیژی و خۆپیشاندان و سووتاندنی داموده‌زگا ئابوورییه‌كانی خه‌ڵك، كه له به‌نزینخانه‌كانه‌وه ده‌ستی پێكرد، كۆتا كاری نه‌وشیروان نه‌بوو، به‌ڵكو كاری تایبه‌تی له هه‌ڵه‌بجه و گه‌رمیان كرد. ئه‌وه بوو له‌و شه‌ش ساڵه‌دا هیچ پاره و سامانێك بۆ هه‌ڵه‌بجه ته‌رخان نه‌كرێ، زۆرترین هانی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ش بدرێ. ئێمه ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌مان له 2003ـوه تا 2010 له به‌رچاوه، كه چۆن ساڵانه له یادی بۆردوومانی هه‌ڵه‌بجه‌دا، گه‌نجانی ئه‌و شاره په‌لاماری داموده‌زگای حزبی و ده‌زگاكانی ئابووری و حكوومییان ده‌دا. له كۆتاییشدا هاندران تا په‌لاماری مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه بده‌ن، كه ره‌مز و نمای به‌شخوراوی و كاره‌سات و فیداكاریی میلله‌تی كورده، سووتاندیان. ئامانجێكی یه‌كجار زۆر هه‌یه له هاندانی گه‌نجان، بۆ سووتاندنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه. ئه‌و مۆنۆمێنته كاریگه‌رییه‌كی رۆحیی زۆری به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌وه هه‌بوو، كاتێك به به‌رچاوی كامیراكانه‌وه گه‌نجان سووتاندیان؛ به‌و كرده‌وه‌یه، نه‌وشیروان جیلێكی دروست كرد كه هیچ شتێكی ئه‌م وڵاته‌ی به‌لاوه گرینگ نییه و بایه‌خی پێ نادات. هیچ ته‌عریفێكی بۆ خواسته‌كانی خۆی نییه، هیچ بیروباوه‌ڕێكی به‌لاوه گرینگ نییه و ئاماده‌یش نییه وه‌ری بگرێ، له راستیشدا نه‌یدراوه‌تێ و په‌روه‌رده‌ش نه‌كراوه. ته‌نیا ئامانجی رشتنی رق و كینه‌یه، ئه‌م رق و كینه‌یه‌یش له كۆمه‌ڵگا‌یه‌ك كه ئه‌نفال كراوه زۆر به قووڵی هه‌بوو.
نه‌وشیروان مه‌حروومترین شار و ناوچه‌ی كوردستان، بریندارترین شاریش كه هه‌ڵه‌بجه‌یه به‌كاری هێنا، بۆ ئه‌وه‌ی نموونه كارگاییه‌كه‌ی خۆی، بۆ دروستكردنی كه‌سانی تووندڕۆ، له‌وێدا به‌رهه‌م بهینێ. له راستیدا رووخاندن و سووتاندنی مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه، كۆتایی ئه‌و پرۆڤه‌یه بوو كه نه‌وشیروان به جیلی ناڕازی له ناوچه‌ی سلێمانی ده‌كرد. ئیدی بۆ ئامانجی دواتری خۆی، ئاماده‌ی كردن.
من ئه‌و ئاماده‌كردنه‌ی نه‌وشیروان، به نموونه‌یه‌كی تر دێنمه‌وه.
له ناو ئیسلامییه‌كاندا، كاتێك كه تووندوتیژیی و كوشتنی مرۆڤ بوو به كارێكی ئاسایی، ئێمه دیارده‌ی رێكخراوه‌كه‌ی شێخ زانامان له‌به‌ر چاوه. شێخ زانا راهێنانی لایه‌نگرانی گه‌نجی خۆی، به سه‌ربڕین و كه‌وڵكردنی مه‌ڕ و بزن ده‌ستپێكرد. ئه‌و كاره‌ی به‌و مه‌به‌سته پێده‌كردن، وه‌ك خۆی دوای ده‌ستگیركردنی ددانی پێدانا، تا له ئاینده‌دا خه‌ڵكی سیاسی و ناڕه‌زا بدزن و بیهێنن و به هه‌مان شێوه سه‌ری ببڕن و پارچه پارچه‌ی بكه‌ن و فڕێی بده‌ن. له قۆناخی دووه‌مدا ئه‌و كاره‌یان به دزینی منداڵ ده‌ست پێكرد. منداڵیان وه‌ك مه‌ڕ سه‌رده‌بڕی. ئینجا به دزینی گه‌نجی ته‌مه‌ن دیاریكراو و سه‌ره‌تایی، پاشان به دزینی پیره‌مێرد و پیره‌ژن، سه‌ره‌نجام كوشتنی خه‌ڵكی دیكه‌یان ئه‌نجام دا. شیخ زانا كاتێك ئه‌و پڕۆڤه‌یه‌ی به گه‌نجه‌كانی لایه‌نگری خۆی ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی بوو له كاتی خۆیدا، له كوردستاندا كوشت و كوشتارێكی داعش ئاسایان پێ ده‌ست پێبكات. ئێستا شێوازه‌كانی داعش، كوشتنه‌كانی داعش، ره‌فتاره‌كانی داعش ده‌بینین و فەتواكانی ئه‌خلاقی و دینی داعش ده‌بیستین، تێده‌گه‌ین كه شێخ زانا دیارده‌یه‌ك بوو له‌و دیاردانه‌ی كه داعشی ئێستای لێ دروست بووه. بۆ نموونه شێخ زانا لایه‌نگرانی خۆی ده‌برده سه‌یران و له به‌رده‌می كامێرا كرده‌ی سێكسی له‌گه‌ڵ یه‌كتر پێ ده‌كردن، پاشان فەتوای بۆ ده‌دان كه له رووی شه‌رعییه‌وه ئه‌مه راسته و په‌سه‌نده. ئامانجی له‌و كرداره لاده‌ریانه ئه‌وه بوو تا كه‌سانی رووخا‌و له بنده‌ستی خۆی دروست بكات، كه له هیچ فه‌رمانپێكردنێك، بۆ هیچ تاوان و خه‌راپه‌كارییه‌ك نه‌سڵه‌مێنه‌وه. لێره ده‌وه‌ستم.
هه‌مان شێوازی دروستكردنی كادیر، له بوارێكی دیكه‌ی تووندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یویست دروستی بكات. ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه باسم كرد، له 2003ـوه خۆپیشاندانه‌كان و به‌ردبارانكردن و جنێودان و ناو و ناتۆره دروستكردن، پاشان سووتاندنی به‌نزینخانه و چێشتخانه‌كان، دوای ئه‌وانه‌ش سووتاندنی مۆنۆمینتی هه‌ڵه‌بجه، ئه‌وه ئایدیای نه‌وشیروان، له قۆناخی پڕۆڤه و دروستكردن بوو. ئیتر ئێستا ئه‌و ژماره‌یه‌ك كادیری هه‌یه كه له هیچ تاوانێك ناسڵه‌مێنه‌وه و بۆ تووندوتیژیی سیاسی ئاماده كراون.
دوای كه‌رتبوونی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له 2008، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ستی پێكرد. نه‌وشیروان مسته‌فایش به ئاشكرا حزبێكی راگه‌یاند كه ئێستا مایه‌ی پشێویی و كێشه‌یه بۆ بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و ئیداری و فیكری له هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌كارهێنانی میدیا وه‌ك چه‌كی تۆقاندن و رووخاندنی كۆمه‌ڵگه
قۆناخێكی دیكه‌ی دوای دروستبوونی گۆڕان، به‌كارهێنانی میدیایه وه‌ك چه‌كی تۆقاندن و رووخاندنی كۆمه‌ڵگه. ئازادیی راگه‌یاندن وه‌ك ئه‌و ته‌عریفه‌ی بۆ گه‌نجان كراوه كه بریتییه له موباله‌غه‌كردن و سنوور نه‌هێشتن بۆ جموجۆڵی گه‌نج، له راگه‌یاندنیشدا نه‌وشیروان هه‌مان كاری كرد. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و كادیرانه‌ی كه خۆی دروستی كردبوون، شه‌و و رۆژ خه‌ریكی گوتن و نووسین بوون، به شێوه‌ی زۆر ساده، بۆ ئه‌وه‌ی له خه‌ڵك بگه‌یه‌نن كه راگه‌یاندن، یان میدیا هیچ سنوورێكی بۆ ئازادیی راده‌ربڕین نییه. كه‌سێكیش كه ده‌نووسێ له هه‌موو شتێك پارێزراوه. به‌مه‌ش پشێوییه‌كیان له‌ناو راگه‌یاندنی كوردستاندا دروست كرد، كه هه‌ر یه‌كێك له‌م تووندڕه‌وانه‌ی له‌ناو بزووتنه‌وه‌كه‌یدا، یان له شاره‌كانی دیكه‌دا هه‌بوون، ده‌یگرتنه‌وه و له ده‌زگاكانی راگه‌یاندن دایده‌نان و ده‌یكردن به بڵندگۆی دروستكردنی ئه‌و جموجۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه سیاسییه توونده‌ی كه هه‌یه.
له دوازده ساڵی رابردوودا، میدیا له كوردستان زۆرترین ئازاری كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی داوه، زۆرترین پشێویی تێدا ناوه‌ته‌وه. هه‌ربۆیه‌ش ئێستا زۆر به زه‌حمه‌ت ده‌كرێ ئه‌و چه‌مكانه لاببرێن، كه له‌ناو جیلی نوێی خوێنده‌واردا چه‌سپاون، ئه‌ویش چه‌مكی ئازادیی بێ به‌ندوبار، په‌لاماردان، سووكایه‌تی، په‌لاماردانی ژیانی شه‌خسی، له هه‌مانكاتدا دروستكردنی فشاری ده‌روونیی رووخێنه‌ر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و له‌سه‌ر كه‌سه‌كه‌ش. له راستیدا ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێت، میدیا یه‌كێك له گرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه، چونكه ده‌وری خۆی نابینێ.
نه‌وشیروان وه‌ك خاوه‌نی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی سیاسی، بووه مونافیسی پارتی و یه‌كێتی و حیزبه‌كانی تر. له‌و پێناوه‌دا میدیای به شێوه‌ی خۆی به‌كار هێنا. حیزبه‌كانی دیكه‌یش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه، ناچار به لاسایی و كۆپیكردنی شێوازی نه‌وشیروان بوون، كه له راستیدا زه‌ره‌ری پێیان ده‌گه‌یاند. ده‌كرێ له‌م رووه‌شه‌وه نموونه‌ی زۆر بێنینه‌وه:
نه‌وشیروان دوای ته‌واوبوونی قۆناخی ریفۆرم كه قۆناخی فێركاری و دروستكردنی لایه‌نگرانی خۆی بوو و ئێستا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه، له‌ناو میدیادا ژماره‌یه‌ك شه‌خسییه‌تی دروستكراوی ده‌ستی خۆی، وه‌ك موفه‌كیر، یان بیردۆز، رۆشنبیری گه‌وره، رۆژنامه‌نووسی گه‌وره و كاریگه‌ر به خه‌ڵك ده‌ناساندن، كه له راستیدا خه‌ڵكانی ساده‌ی زۆربڵێی نه‌خوێنده‌وار بوون. نه‌وشیروان له‌سه‌ر شێوازی حیزبه تووندڕۆكانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی تووندڕۆدا، پێویستی به‌وه بوو كه چه‌ند بیردۆزێك، واته چه‌ند تیئۆرسیه‌نێك دروست بكات. له‌و بیردۆزانه‌ی كه له حزبه‌كانی تووندڕۆی ئایدیۆلۆژیی كۆندا، به بڕیاری حزبی دروست ده‌كران. مێژوو نیشانی داوه دوای لادانی ئه‌و حزب و حكوومه‌ته تووندڕۆیانه، هیچ ئاسه‌وارێك له‌و بیردۆز و رۆژنامه‌نووسه به‌ناوبانگانه‌ی ئه‌وكاته نه‌ما.
نه‌وشیروان ژماره‌یه‌ك ناوی هێنان، كه كاتێك له میدیا قسه‌یان ده‌كرد و ده‌یاننووسی، هانی گه‌نجه‌كانیان ده‌دا كه به فراوانی بچن نووسینه‌كانیان بخوێننه‌وه و سره بگرن بۆ كتێبه‌كانیان، وێنه‌یان بڵاو بكه‌نه‌وه. له راستیدا نه‌وشیروان ئه‌م كه‌سانه‌ی كرد به نوما بۆ تیرۆری فیكری، بۆ گۆڕینی فیكری و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی فیكری، به‌ڵام دوای ئه‌وه هیچ شتێك جیا له پشێوی له‌جێی نه‌چێندرا.
به‌كارهێنانی رێكخراوه‌كانی بیانی
داشۆرین له وتاره‌كانی ئه‌و ژماره نووسه‌ره‌ی كه ئه‌و دروستی كردبوون، رێك له‌سه‌ر شێوازی "كوردستان پۆست" گواسترایه‌وه بۆ بواره‌كانی دیكه‌ی بیركردنه‌وه له‌سه‌ر حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و رێكخستنی كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌م بارودۆخه‌دا، نه‌وشیروان مسته‌فا هه‌وڵی ده‌دا كه مافی مرۆڤ (مافی ئافره‌تان و گه‌نجان و ئازادیی بیروڕا ده‌ربڕین له ناو مافی مرۆڤدا) بكات به هه‌ده‌فی خۆی. له‌م رێگه‌یه‌شه‌وه هه‌وڵی دا دزه بكاته ناو رێكخراوه‌كانی بیانی كه چاودێریی كوردستانیان ده‌كرد. بۆ ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌كانی خۆیاندا ئه‌م رێكخراوانه ته‌ئیدێك بۆ جموجۆڵی نه‌وشیروان بكه‌ن. له راستیدا نه‌وشیروان توانی ئه‌م كاره بكات، بۆیه به‌شێكی زۆر له راپۆرته‌كانی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و یۆنامی له ناوچه‌كه‌دا، له ده ساڵی دواییدا، پڕبوون له ناڕاستی و دزه‌كردنی كه‌سانی كه نه‌وشیروان چاندبوونی له نێویاندا. ئێستا ته‌قریبه‌ن كۆتایی به‌م دیارده‌یه هاتووه. واته دیارده‌ی به‌كارهێنانی رێكخراوه‌كانی بیانی بۆ تووندوتیژیی ناوخۆ.
دروستكردنی فشاری ده‌روونی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه
ئه‌گه‌ر ئێمه شێوازی داشۆرین له راگه‌یاندنه‌كان، تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و نووسینی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه نه‌وشیروان وه‌ك موفه‌كیر پیشانی داون، ده‌ستنیشان بكه‌ین، سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی گه‌یشته ئه‌وحاڵه‌ته كه لایه‌نگرانی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی نه‌وشیروان مسته‌فا، له گه‌نجان و ته‌مه‌نی ناوه‌ڕاستدا، بریتین له كه‌سانێك كه به هیچ رازی نابن، هیچ روانگا‌یه‌كیان لا نییه، هه‌موو كه‌س لای ئه‌وان گه‌نده‌ڵه، هه‌موو كه‌س پیسه و قابیلی له‌ناوبردنه، نه‌ك هه‌ر لادان، ئاماده‌ن په‌لاماری داموده‌زگاكانی حزبی بده‌ن، ئاماده‌ن په‌لاماری ماڵیان و خۆیشیان بده‌ن. ئه‌مانه‌مان له كرده‌وه‌دا بینی. ئه‌م كه‌سانه وا فێركراون كه هه‌رچی به‌ده‌میاندا بێت، بیڵێن، هه‌رچی بیانه‌وێ بینووسن و به‌بێ ده‌ربه‌ستی په‌لاماری هه‌موو كه‌سێك و چه‌مكێك و باوه‌ڕێك له وڵات‌دا بده‌ن. ئه‌وه به شه‌رتێك یه‌ك ئامانج بپێكێ، ئه‌ویش؛ شكاندنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر"ـه و هیچی تر نا.
ئه‌و پڕۆگرامه داڕێژراوه‌ی نه‌وشیروان وای كردووه كه به‌هاكانی كۆمه‌ڵایەتی له وڵاتی ئێمه سووك بكرێن و ئه‌و قیمه‌ته‌ی جارانیان نه‌مێنێت، به‌های نوێ دروست نه‌بێت. بۆیه ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یبینین به‌رهه‌می فیكری و میدیایی و سیاسیی نه‌وشیروان مسته‌فایه بۆ تێكه‌دانی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌باربردنی متمانه و به‌كارهێنانی فشاری ده‌روونییه له‌سه‌ر كه‌سه‌كان. سه‌رئه‌نجام دروستكردنی فشارێكی ده‌روونییه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه به گشتی.*
ئه‌م چه‌مكانه‌ی كه له راگه‌یاندنی ئێستادا ده‌بیسترێن، ترۆپكی راگه‌یاندنی بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه نه‌وشیروان سه‌ركردایه‌تی ده‌كات. ئه‌مه‌ش له بیروباروه‌ڕێكی فیكری و سیاسیی دیاریكراودا نییه، واته له رووی فیكری و سیاسییه‌وه پرۆژه‌یان نییه قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو ته‌نیا معاره‌زه، نه‌یاریی، تۆمه‌تباركردن و جنێودان و داشۆرینه. له جنێودان و داشۆرینیشدا چه‌مكی داشۆرینی جاده به‌كار دێنن، له‌كاتی گفتوگۆ و كۆمێنت نووسیندا، كاتێك له میتینگێك، یان هه‌ر بوارێكی تر كه له هۆڵێكدا پێشكه‌ش ده‌كرێت، یان له هۆڵێكدا دایالۆگێك هه‌بێت، ده‌بێت تۆ چاوه‌ڕێ بیت گه‌نج هه‌ڵده‌ستن، یان ده‌نووسن، یان ته‌له‌فۆن ده‌كه‌ن، كه له‌وێدا وشه‌ی (گان) به‌كار دێنن واته سێكس، به‌مانه په‌لاماری قسه‌كه‌ر ده‌ده‌ن، دایكی، یان باوكی، یان ئه‌ژدادی ده‌خه‌نه به‌ر په‌لاماری جنێوه‌كان. دووه‌مین چه‌مكێ كه به كاری ده‌هێنن، چه‌مكی "گوو"ـه، كه به زۆرترین شێواز و به هه‌ركه‌سێك بیر و باوه‌ڕێكی تایبه‌تی هه‌بێ، یان قسه‌یه‌ك بكات و هه‌وڵوێستێكی هه‌بێت، یان شتێك بنووسێ، له قسه و له نووسیندا چه‌مكی "گوو" به زۆر ترین شێوه به‌كار دێن. ئینجا كۆیله، واته تۆ عه‌بدی. ئینجا رابردووی سیاسیی قسه‌كەر، له رابردووی سیاسیش‌دا ته‌نیا دوو حزب به‌كار دێن، یه‌كیان: تۆ شیوعی بووی و ئێستایش شیوعیت، دووه‌میان ده‌ڵێن: تۆ پارتیت. ئه‌گه‌ر ئه‌م دووانه بووبێت، ئه‌وا تۆ كۆیله‌یت، بۆیه مسته‌حه‌قی هه‌ردوو جنێوی پێشووی. هه‌گبه یان خانه‌ی داشۆرینی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه ئێستا به فراوانترین شێوه گه‌نجانی گۆڕانخواز به‌كاری دێنن، له‌م پۆلینه‌ی من باسم كرد، تێناپه‌ڕێت. بۆیه كاتێك خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، كه ده‌ته‌وێ گوێ بۆ ده‌ربڕینیان بگری، هیچ ئامانجێكت گوێ لێ نابێ، ته‌نیا ئه‌م جنێوانه‌ی كه من ئیشاره‌تم پێدان. هه‌روه‌ها به‌رد هاویشتن و سووتاندن ده‌بینی.
له ساڵی 2011ـدا نه‌وشیروان مسته‌فا، له 17ـی شوباتدا ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی نوێی راگه‌یاند. ئه‌م جیله‌ی كه به‌و چه‌مك و په‌روه‌رده‌یه‌ی ئه‌و ئاماده‌ی كردبوون، ویستی به‌كاریان بێنێت. له پارێزگای سلێمانیدا په‌لاماری داموده‌زگاكانی حكوومه‌تیان دا، له رۆژی یه‌كه‌م و دواتر په‌لاماری پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا، ده‌ستیان كرد به سووتاندنی باره‌گاكانی ئه‌و حزبه، جه‌ماوه‌ریان هان دا تا بچنه سه‌ر باره‌گاكانی و بیانسووتێنن و خه‌ڵكانی ناو باره‌گاكانیش بكوژن. له ئه‌نجامی ئه‌م هاندانه‌دا ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك كوژران و زۆر له باره‌گاكانیش سووتێندران، هه‌ندێكیشیان چۆڵ كران. بۆچی له 17ـی شوبات زیاتر له دوو مانگ خه‌ڵك له مه‌یدانی سه‌را مانه‌وه و، پێیان وابوو كردوویانه به مه‌یدانی ته‌حریری قاهیره؟ ئه‌وان ئاماده كرابوون و پێیان وابوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كێتی و پارتی وه‌رده‌گرنه‌وه. ڤیدیۆكانی ئه‌وكات ماون، هه‌مومان له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی ئه‌وسا ژیاوین، وتاره‌كانیان زۆر شه‌عبه‌وی و پۆپۆلیستی بوون، هیچ پڕۆژه‌یه‌كیان تێدا نه‌بوو، ته‌نیا هاندانی خه‌ڵك بوو! له‌و كاته‌دا هه‌ردوو حزبی ئیسلامیی كوردستان؛ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، چوونه پاڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانەوە. له راستیدا چوونه‌پاڵێكی هه‌لپه‌رستانه بوو، واته پێیان وابوو كه ئیتر وه‌ك چۆن ئیسلامییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی چوونه پاڵ عه‌لمانییه‌كان و حكوومه‌تیان رووخاند، ئێستا له سلێمانیشدا هه‌مان شت روو ده‌داته‌وه. ئه‌م شێوازه تا 2011 به فراوانی له فه‌یسبووك، یوتیوب، ته‌لهڤزیۆن و رۆژنامه‌كاندا به‌كار ده‌هێندرا. ئێستا یوتیوب به‌كار ده‌هێندرێ بۆ نیشاندانی ئه‌و پارچه ڤیدیۆیانه‌ی كه ئه‌وان ده‌ستكارییان كردووه، یان بۆ داڕشتنی جنێو، یان داشۆرینی كه‌سێك. گه‌نجێك، یان پیره‌مێردێك دێنن له بارودۆخێكی دیاریكراودا، به‌بێ پند و پێناو جنێو ده‌هۆنێته‌وه بۆ سه‌ركرده‌یه‌ك، یان بۆ حزبێك و بۆ كه‌سێك. دوایی دێن له یوتیوب دایده‌نێن، ئینجا له فه‌یسبووك و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا به فراوانی نیشانی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن. ئه‌مه شێوه‌یه‌كی زۆر تۆقێنه‌ری به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه، بۆ لێدانی سیاسی و بۆ به‌گژ یه‌كداكردنی خه‌ڵك.
ته‌عریفی حزبی گۆڕان بریتییه له‌و بزووتنه‌وه تووندوتیژه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌م چه‌مك و ئه‌م په‌روه‌رده‌یه‌ی كه ئاماژه‌م پێكرد دامه‌زراوه. ئه‌م حزبه هیچ روانگا‌یه‌كی دیاریكراوی نییه بۆ چاكسازی، هیچ مۆدێله‌كی حكوومه‌تیی قه‌بووڵ نییه. هه‌ندێ جار كه ناچار ده‌بێ، مۆدێله‌كانی خۆی پێشكه‌ش بكات، دووفاقییه‌كی زۆری تێدا به دی ده‌كرێت. بۆ نموونه: ئه‌م دواییانه به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو دنیا، ده‌یگوت ئه‌گه‌ر سه‌رۆك له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵبژێردرێ، ده‌بێ كه‌مترین ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ. ئه‌گه‌ر له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێ، ده‌بێ زۆرترین ده‌سته‌ڵاتی هه‌بێ. له كاتێكدا له هه‌موو دنیا و به یاسا سه‌رۆكێك گه‌ل هه‌ڵیببژێرێ ده‌بێ ده‌سته‌ڵاتی زۆر هه‌بێ. له هه‌مان كاتدا سه‌رۆكێك له‌ناو په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردێ كه ته‌شریفاتی بێت. ئه‌مه یه‌كێك له بیرناكۆكه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی حزبی گۆڕانه.
گۆڕان دوای ئه‌وه‌ی له 2015 ده‌نگێكی باشی به ده‌ست هێنا و پێگه‌ی حزبی دووه‌می وه‌رگرت، ویستی به تووندوتیژی له سلێمانی داموده‌زگای حكوومه‌ت وه‌رگرێ. له پارێزگاره‌وه ده‌ستی پێكرد تا ده‌گاته به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌كانی تر. یه‌كێتیی نیشتمانی به‌و مێژووی كه هه‌یه‌تی، به هه‌بوونی هێزی عه‌سكه‌ری و ئه‌منی و ماڵیی له به‌رانبه‌ر گۆڕان راوه‌ستا و سه‌ركردایه‌تیی ناوچه‌كه‌یان راده‌ست نه‌كردن. سه‌ره‌نجام هه‌ردوو لایه‌ن پێكهاتن كه گۆڕان له ناوچه‌ی سلێمانیدا ده‌وری حزبی دووه‌م ببینێ. له ساڵی 2014ـدا، دوای هاتنی داعش و دروستبوونی كابینه‌ی بنكه‌فراوانی حكوومه‌ت، كه له هه‌موو حزبه‌كانی ناو په‌رله‌مان پێكهات، گۆڕان پێگه‌یه‌كی فراوانی له په‌رله‌مانی كوردستان و عێراقی پێدرا، له حكوومه‌تی كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه.
پاش ساڵیك كاركردن له‌ناو حكوومه‌تدا، گۆڕان شێوازی فه‌وزه‌وییه‌تی خۆی نیشان دایه‌وه. نه توانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه به‌رێ، نه توانی له حكوومه‌تدا به‌شدارێكی باش بێ، نه توانی له‌و داموده‌زگه حكوومه‌تییانه‌ی كه ئه‌وان ده‌ستیان له به‌ڕێوه‌بردنیدا هه‌بوو، كاری باش پیشكه‌ش بكه‌ن. له مانگی حوزه‌یرانی ساڵی2015ـدا، گه‌ڕایه‌وه بۆ فه‌یزێكی نوێی تووندوتیژی كه له 2011ـدا و له مانگی شوباتدا تاقییان كردبووەوه. قۆناخی ئه‌م جاره له كاتێكدایه كه داعش چه‌ند ده كیلۆمه‌ترێك له شاره سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه دووره، پێشمه‌رگه له به‌رگریكردندایه، كوردستان له هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدایه، ئابڵوقه‌ی ئابووری له‌سه‌ر كوردستانه و ئێمه پێویستمان به یه‌كپارچه‌یی و یه‌كڕیزیی میلله‌ته‌كه‌مانه، بۆ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بتوانێ به‌رگری بكات. له‌م كاته‌دا گۆڕان په‌رله‌مانی كوردستانی كرده به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی، ئه‌وه‌ی له ساڵی 2011 و له مانگی شوباتدا كردی، گواستیه‌وه بۆ په‌رله‌مان. هیچ پره‌نسیپێكی نه‌هێشته‌وه كه نه‌یخاته به‌ر په‌لاماری تێكدانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و حكوومه‌تی.
ئه‌وه‌ی گۆڕان له ناوه‌ڕاستی ساڵی 2015ـدا كردی، به‌رهه‌می فیكریی سه‌ركرده‌یه‌كی فه‌وزه‌وییه كه جیا له تۆڵه‌كردنه‌وه و سزادان، بیر له هیچ رێگه‌یه‌كی سیاسیی تر ناكاته‌وه. سزای هاوكاره‌كانی خۆی ده‌دات، سزای نه‌یاره‌كانی خۆی و سزای كۆمه‌ڵگا‌ش ده‌دات. له كۆتاییدا و له هیچ قۆناخێكدا ئاماده نییه قسه بۆ خه‌ڵك بكات و بڵێ بۆچی ئه‌و وایكرد. تا ئه‌م ساته وه‌خته نه‌وشیروان به‌و شێوه‌یه قسه ده‌كات، به‌و شێوه‌یه‌ش كار ده‌كات. ئامانجی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه حزبی نه‌وشیروان مسته‌فایه، به غه‌یری ئه‌مه شتێكی دیكه‌ی لێ ناخوێندرێته‌وه. دوابه‌ڵگه‌نامه‌ی ئاژانسی پاراستنی كوردستان بڵاوی كردووەته‌وه، له كاتی درووستكردنی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ی نوێ‌دا، ئه‌و تۆماره ڤیدیۆییه له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی گۆڕاندا، نه‌وشیروان به تووندترین شێوه باسی نه‌یاره سیاسییه‌كانی خۆی ده‌كات. وه‌ك لێكه‌هڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكوومه‌ت، په‌لاماردانی نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تان له هه‌رێم، ترساندنی كۆمپانیاكانی نه‌وت. له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر توانیبایان ئه‌و كارانه بكه‌ن، ئه‌وا ره‌فتاری دیكه‌شی به‌دوادا ده‌هات، بۆ نموونه تیرۆركردنی كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كانی كوردستان و شێوازه‌كانی دیكه‌ی تووندوتیژی روویان ده‌دا.




