٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ره‌وشی خورماتوو ناجێگیره‌

سەرچاوە: KDP.info
خورماتوو.فۆتۆ: ئه‌رشیڤ.

خورماتوو-KDP.info-   بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دەڵێ، رەوشی خورماتوو دیسان خراپ بوویه‌وه‌ و ئەمەیش ئەو راستییە دەردەخات ئەم هەموو رێكەوتن و دانیشتنەی لایەنێكی كوردی و حەشدی شەعبی هیچی لێ بەدی نەهاتووە و كارێكی جیدی بۆ رەوشی شارەكە نەكراوە.

(ئەحمەد عەزیز) بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێرێ لەخورماتوو دا پێشمەرگەیەك لەلایەن چەند كەسێكەوە بە چەكی بێدەنگ تیرۆركراوە. دوێنێیش كۆمەڵێك لە كووردانی خورماتوو بەچەكەوە چوونە بەردەم بارەگای قایمقامیەت و دیاربوو كەس و كاریان لە رێگای ئامرلی و سلێمانبەگەوە رفێندرابوو لەلایەن حەشدی شەعبیەوە و حكوومەتی خۆجێییان لێ ئاگادار دەكردەوە و باسیان لەوەدەكرد كە بێدەنگ نابن.رەوشەكە دیسان بەرەو نالەباری چویەوە, ئەمەش ئەو راستییە دەردەخات كە ئەم هەموو رێكەوتن و دانیشتنەی لایەنێكی كوردی و حەشدی شەعبی هیچی لێ بەدی نەهاتووە و كارێكی جیددی بۆ رەوشی شارەكە نەكراوە و خه‌ریكه‌ جارێكی دی بارودۆخه‌كه‌ بته‌قێته‌وه‌."
بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی جەختی كردەوە: "نازاندرێت رەوشی شارەكە بەكوێ دەگات, ئاخر حەشدی شەعبی جەخت لەوە دەكەنەوە كە پێشتر رێكەوتنیان لەگەڵ لایەنێكی كوردی كردووە بۆ ئەوەی هەردوو بازگەی باكوور و باشووری شار بەهاوبەشی بەڕێوەی ببەن و هێزی پێشمەرگە كەندووی گەنمی شارەكە (سایلۆ) چۆڵ بكەن."
(ئەحمەد عەزیز) ئاشكرایشی كرد: "لە ئاستی باڵادا بەردەوام دانیشتن  هەیە و حه‌شد دەچنە سلێمانی و ئەمانیش دەچن بۆ بەغدا, بەڵام ئەگەر سەیر بكەین لەراستییدا شتێك بۆ رەوشەكە نەكراوە بۆ ئەوەی خەڵكی بە بێخەمی ژیان بەڕێبكات و ئەم تەشەنووجاتەی لەشارەكە هەیە نەمێنێت. خۆ كورد ناتوانێت بچێتە گەڕەكە توركمانییەكان و لە بازاری شارەكە دا كارو كەسابەتی خۆی بكات."

لای خۆشیەوە (فارووق ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی گوت: "گرژیەكان لە شاری خورماتوو هەر بەردەوامە و جارجار ئاڵوزی تێدەكەوێ و تا ئێستا چارەیه‌كی ریشەیی بۆ نەكراوە. ئەم هیزانەی حەشد كە پێشوتر لە شارەكە جێگیر كرابوون هەر لە شوێنی خۆیانن و بەردەوامن لە هێز زیاد كردن لەسەر باڵەخانە و ماڵەكان. هێزی پێشمەرگەش هەر لە شوێنەكانی خۆیەتی."

لە 12ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە بە هۆی رەفتاری نابەجێی حەشدی شەعبیەوە گرژی كەوتە نێوان چەكدارانی حەشدی شەعبی و كوردەكانی قەزای خورماتووە و بەهۆیەوە چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانی و زیانێكی زۆری مادیی بە شارەكە كه‌وت و تائێستا رەوشی شارەكەیش هه‌ر ئاڵۆزە.

سەرباز واحد

 

هەواڵی پەیوەندیدار