گرووپێك لە ئیستانبووڵ 15 ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانیان سووتاند

ئیستانبووڵ-KDP.info- دوێنێ شەو لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە، 15 ئۆتۆمبێلی خەڵكی سڤیل لە چەند گەڕەكێكی ئیستانبووڵ سووتێنراون و، تاوەكو ئێستایش نازانرێت ئەوانەی ئەو كارەیان كردووە سەر بە چی گرووپێكن و پۆلیس بە دوایاندا دەگەڕێت.
لە گەڕەكی (زەیتون برون، شیشلی، غازی ئوسمان پاشا، كوچوك چەكمەجە) لە لایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە 15 ئۆتۆمبێلی خەڵكی سڤیل سووتێنراون و سووتانەكەیش بە جۆرێكە كە ناتوانرێت جارێكی دیكە ئۆتۆمبێلكان بە كار بهێنرێنەوە.
خەڵكی ئەو گەڕەكانە كاتێك زانیویانە دوكەڵی زۆر لە گەڕەكەكەیاندا بەرز دەبێتەوە، پەیوەندییان بە ئاگركوژێنەوەوە كردووە و، ئەوان فریای كوژاندنەوەی ئاگرەكە نەكەوتوون، چونكە بە بەنزین ئۆتۆمبێلكانیان سووتاندووە.
پۆلیس بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێت كە ئەو كارەیان كردووە، چونكە لە شەودا بووە، نەیانتوانیوە ناسنامەكانیان ئاشكرا بكەن و كامێرای چاودێرییش بە جوانی وێنەیانی نیشان نەداوە.
بە گوێرەی زانیارییەكان 5 كەس دەستگیر كراون، كە گومان هەیە ئەوان ئۆتۆمبێلەكانیان سووتاندبێت، بەڵام پۆلیس بە هیچ شێوەیەك زانیاری لەسەر ئەو 5 كەسە نەداوە.
هەر دوای ئەو رووداوە، هاووڵاتیان ترسیان لێ نیشتووە بەوەی ئەوانە گرووپێك بن و هەموو شەوێك ئۆتۆمبێلی خەڵك بكەنە ئامانج، بۆیە داوایان كردووە كە شەوان پۆلیس لەناو گەڕەكەكانی ئیستانبووڵدا بسووڕێتەوە تا ئەوكاتەی تاوانباران دەستگیر دەكرێن.
كارزان گلی




