رێگای سەرەكیی شنگال نۆژەن دەكرێتەوە.. پەكەكە رێز لە كارەساتی شنگال ناگرن

شنگال-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی شنگال دەڵێت، لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رێگای سەرەكیی شنگال نۆژەن دەكرێتەوە و، تاوەكو ئێستایش ئەو شارۆچكەیە بە تەواوەتی لە مین پاك نەكراوەتەوە، لەبەر ئەوەی مینێكی ئێجگار زۆری لێ چێندرابوو. جەختیش دەكاتەوە، هەموو رێگایەكی یاسایی بەرانبەر بە پەكەكە دەگرنە بەر كە ئامادە نین بارەگاكان چۆڵ بكەن، چونكە رێز لە خوێنی شەهیدان و كارەساتی شنگال ناگرن.
(مەحما خەلیل)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین لە شنگال بەردەوامن لە كارەكانیان و تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٥٠% پاك كراوەتەوە و بە هەزاران تۆن مین و تەقەمەنییان هەڵگرتووەتەوە، چونكە رێژەیەكی ئێجگار زۆری مین و تەقەمەنی لە شنگال چێندرابوو و تەنیا لە نەفەقێك حەوت تۆن و لە گۆڕستانێكیش پێنج تۆن دانرابوو".
(خەلیل) گوتیشی، لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێگای سەرەكیی شنگال نوژەن دەكرێتەوە و، لە ئێستایشدا دەست بە كاركردن كراوە، بەڵام حكوومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال نەناوە".
قایمقامی شارۆچكەی شنگال دهشڵێت، پەكەكە تاوەكو ئێستا بارەگاكانی شنگالیان چۆڵ نەكردووە و ئامادە نین چۆڵیشیان بكەن، بۆ ئەوەی دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارە وێرانە بكرێت، بۆیە هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرینە بەر، لەبەر ئەوەی رێز لە خوێنی شەهیدان و كەسوكارەكانیان و كارەساتی شنگال ناگرن" .
بڵند ئیبراهیم




