جێگری سەرۆكی ئاكپارتی: دەبێ هەدەپە بۆشاییەك لە نێوان خۆی و پەكەكەدا دابنێت

توركیا-KDP.info- جێگری سەرۆكی پارتیی داد و گەشەپێدان، پەیامێك ئاڕاستەی هەدەپە دەكات و، پێیان دەڵێت: "بۆشاییەك لە نێوان خۆتان و پەكەكەدا دابنێن، چونكە توركیا چەند دیموكراتی بێت، دەبێت ئەوە بزانن كە ناتوانێت بەو شێوەیە ئێوە لە پشتی خۆی هەڵبگرێت".
(محەممەد عەلی شاهین) جێگری سەرۆكی ئاكپارتی ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێوە وەك هەدەپە هاوكاری پەكەكە دەكەن، ئەگەر بڕیارتان داوە بەوەی هاوكاری پەكەكە بن، بزانن كە وەكو پارتی مامەڵەتان لەگەڵدا ناكرێت. پێتان دەڵێم تكایە بۆشاییەك لە نێوان خۆتان و پەكەكەدا دابنێن، چونكە توركیا چەند دیموكراتی بێت، ناتوانێت بەو شێوەیەی ئێستاتان لە پشتی خۆی هەڵتان بگرێت".
لە كاتی سەردانیكردنی بۆ ناوچەی ئیفلانە و گوندی حاجی ئەغاچ، (شاهین) قسەی بۆ خەڵكەكە كرد و بەڵێنی پێ دان كە ئارامییان بۆ بگێڕێتەوە.
ئەو گوتی: "لە توركیادا چەندین جار پارتیی سیاسی داخراوە. ئێوە سەیر بكەن ئێستا لە توركیا پارتیێكی سیاسی هەیە بە ناوی هەدەپەوە، لە راستیدا دەبێت پارتیی سیاسی بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ تیرۆردا كاری ژێربەژێر نەكەن و، نابێت ببن بە قۆڵێكی سەرەكی ئەوان لە ناو خاكی توركیا. ئێستا لە جزیرە و شڕناخ و ئامەد و ماردین و زۆر شوێنی دیكە، پەكەكە خەندەقی لێداوە و لە كۆڵانەكاندا دیواری دروست كردووە و كانتۆنی راگەیاندووە، دەشڵێت ئێمە دەسەڵاتدارین لێرە، هەدەپەیش لەو ڕووەوە هاوكاریانە و دژیان ناوەستێتەوە".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە، "ئەگەر ئێوە پارتیێكن و دەتانەوێت سیاسەت لەناو توركیادا بكەن و لەناو پەرلەمان بە شێوەیەكی یاسایی داوای مافەكانتان بكەن، دەستتان خۆش، بەڵام بە داخەوە ئێوە بە ئاشكرا پشتگیری لە پەكەكە دەكەن."
ئەو هەروەها هەڕەشەی كرد بەوەی ئەگەر هەدەپە لەو سیاسەتەی ئێستای بەردەوام بێت، ترسی داخرانی لەسەرە.
كارزان گلی




