٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پۆتین، كاریگەرترین رووداوی ساڵی 2015ـی لە ڕووسیا هەڵبژارد

سەرچاوە: KDP.info

ڕووسیا-KDP.info- سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادمیر پۆتین) رایگەیاند، كاریگەرترین رووداو لە ساڵی 2015ـدا بۆ ئەو، رێوڕەسمی یادكردنەوەی 70 ساڵەی رزگاركردنی ڕووسیا بووە. دەشڵێت، ئەو رووداوە بە لای ئەوەوە گرینگترینە و خۆشترین رۆژیش بووە لە لای.

(پۆتین) لە كاتی بەشداریكردنی لە ئاهەنگێكی بچووك بە بۆنەی سەری ساڵی تازەوە، ئاماژەی دا كە، لە ساڵی 2015ـدا رووداوی زۆر رووبەرووی ڕووسیا بوونەوە، بەڵام گرینگترینیان بە لای ئەوەوە یادی 70 ساڵەی شەڕی رزگاركردنی ڕووسیا بووە بەرانبەر بە نازییەكان.

لە لایەكی دیكەوە، سەنتەری راپرسیی رای گشتیی ڕووسیا، لە راپرسییەكدا لەسەر ئەوەی لە ساڵی 2015 كام رووداو زۆر كاریگەر بوە بە لای هاووڵاتیانی ڕووسیاوە، چەند ئامارێكی بڵاو كردووەتەوە.

بە گوێرەی راپرسییەكە، 43%ـی خەڵكی ڕووسیا پێی وا بووە كە ئەو رووداوەی زۆر كاریگەر بووە بە لایانەوە لە ساڵی 2015ـدا، چوونی سەربازی ڕووسیا بوە بۆ سووریا و هەروەها بەشداریكردنی ڕووسیا بوە لە شەڕی سووریادا.

هەروەها 26%ـی هاووڵاتیان پێیان وایە كە ئەوەی كاریگەر بووە بە لایانەوە لە ساڵی 2015ـدا، ناكۆكی نێوان توركیا و ڕووسیا بووە لەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگیی ڕووسیا و، هەروەها 25%ـی دیكەیش پێیان وا بووە ئەو رووداوانەی لە ئۆكڕاینا رووی دا بە لای ئەوانەوە كاریگەر بوونە. 6%ـیش هیچ رووداوێكیان بە لاوە كاریگەر نەبووە.

لە ساڵی 1941 بۆ 1945 یەكێتیی سوڤیەتی جاران، توانی لە شەڕێكی سەختدا لەگەڵ هێزی (هیتلەر) كە ئەوكات سەرۆكی ئەڵمانیا بوو، سەركەوتنێكی گەورە بە دەست بهێنن، بۆیە ئەو رۆژە بە لای هاووڵاتیانی ڕووسیاوە زۆر گرینگە و هەموو ساڵێك یادی دەكەنەوە. ئەمساڵیش وەكو ساڵانی پێشوو یادی كرایەوە و، بە لای (پۆتین)ـەوە كاریگەرترین رووداو بووە لە ساڵی 2015ـدا.

 

كارزان گلی

هەواڵی پەیوەندیدار