٥٠٠ چەكداریان سەر بە خەلیفەكەی داعش بوون.. زیاتر لە ٢٥٠ـیان كوژران

مووسڵ-KDP.info- لە هێرشەكانی ئەم دواییەی داعشدا بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، جگە لەو چەكدارانەی ناوچەكە، ٥٠٠ چەكداری سەر بە خەلیفەكەی داعشیش بەشدار بوون، بەڵام شكستیان برد و، زیاتر لە ٢٥٠ تیرۆریستیشیان لێ كوژران.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (سەعید مەموزینی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەكانی ناو مووسڵەوە بە دەستمان گەییشتوون، لە هێرشی ئەم دواییەی داعشدا، جگە لەو چەكدارانەی بوونیان هەبووە لە ناوچەكە، ٥٠٠ چەكداری گرووپی بەناو زەربەتی كە راستەوخۆ سەر بە خەلیفەكەی داعش (ئەبوبەكر بەغدایی)ـن، بەشدار بوون كە زیاتر لە مانگێك پلانیان بۆ ئەو هێرشانە داڕشتبوو، بەڵام هەر سەركەوتوو نەبوون و شكستیان برد".
(مەموزینی) گوتیشی، لەو هێرشانەدا بۆ سەر هێزی پێشمەرگە، زیاتر لە ٢٥٠ تیرۆرست كوژراون.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردە هەروەها دەشڵێت، تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ ١٤چەكداری بە رەگەز كوردیان بە تۆمەتی ناپاكیكردن لە رێكخراوی داعش، لە سەربازگەی غەزلانی لە رۆژئاوای مووسڵ گولـلەباران كرد.
بڵند ئیبراهیم




