پۆتین: ئەوەی توركیا لەگەڵ ڕووسیا كردی، رەفتارێكی دوژمنكارانە بوو

ڕووسیا-KDP.info- (فلادمێر پۆتین)ـی سەرۆكی ڕووسیا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دووبارە هێرشی كردەوە سەر حكوومەتی توركیا و گوتی: "نازانم بۆ فڕۆكەكەی ئێمەیان خستە خوارەوە، ئێمە چاوەڕوان بووین كە توركیا ئاگادارمان بكاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە شەڕیان هەڵبژارد".
بەر لە هاتنی ساڵی نوێ، (پۆتین) كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ساڵانەی ئەنجام دا و، لەو كۆنگرەیەدا باسی لە ناكۆكیی نێوان توركیا و ڕووسیا كرد.
(پۆتین) ئاماژەی دا كە، "توركیا دەڵێت فڕۆكەی ڕووسیا ئاسمانی ئێمەی بەزاندووە، ئێمە چاوەڕوان بووین كە ئاگادارمان بكاتەوە و پێمان بڵێت كە ئاسمانی ئێمەتان بەزاندووە، بەڵام بەداخەوە ئەوان ناتۆیان هەڵبژارد و ئەو دۆستایەتییەی لە نێوانماندا هەبوو رەچاویان نەكرد. ئەوەی ئەوان كردیان، رەفتارێكی دوژمنكارانەیە".
لە لایەكی دیكەوە، دوێنێ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پێویستە توركیا داوای لێبووردن لە ڕووسیا بكات و، هەروەها قەرەبووی ئەو فڕۆكەیەیشمان بكاتەوە كە خستییە خوارەوە، ئەوكات پەیوەندیی نێوانمان ئاسایی دەبێتەوە".
هەر دوێنێیش، وەزارەتی دەرەوەی توركیا وەڵامی ڕووسیای دایەوە و، ئاماژەیان دا كە، "بە هیچ شێوەیەك داوای لێبووردن لە ڕووسیا ناكەین، چونكە ئەوان ئاسمانی توركیایان بەزاندووە نەك ئێمە". هەروەها پارەی ئەو فڕۆكەیەیش وەكو قەرەبوو بە ڕووسیا نادەینەوە".
كارزان گلى




