هەر خێزانێكی ئاوارە، مانگانە ٣٠٠ هەزار دیناری پێ دەدرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقدا، بڕی ترلیۆنێك و٨٠٠ ملیار دینار بۆ ئاوارەكان تەرخان كراوە و، هەر خێزانێكی ئاوارەیش، مانگانە ٣٠٠ هەزار دیناری پێ دەدرێت.
(حاكم سەرحان سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر تەنیا یەك ترلیۆن دینار بۆ ئاوارەكان دانرابوو، بەڵام ئێمە و پەرلەمانتارانی سوننە پێمان گوتن كە ئەم بڕە زۆر كەمە و پێویستە زیاد بكرێت، بۆیە ئەو بڕە بۆ ترلیۆنێك و ٨٠٠ ملیار دینار زیاد كرا".
(سلێڤانەیی) گوتیشی، لەو پارەیەی بۆ ئاوارەكان تەرخان كراوە، هەر خێزانێك ٣٠٠ هەزار دینار مانگانەی پێ دەدرێت و، ئەوەی دیكەیش بۆ پێداویستیی ئەوان دەبێت، كە ئەمەیش لە قازانجی هەرێمی كوردستاندایە، چونكە ژمارەی هەرەزۆری ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستانن، بۆیە ئەو پارەیە بكەوێتە بازاڕەكانی هەرێمەوە، سوودی دەبێت و بازاڕ دەبووژێتەوە".
بڵند ئیبراهیم




