لیژنەی دەستپاكی و دارایی لە بەڵگەكانی ئەحمەد چەلەبی دەكۆڵنەوە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیژنەی دەستپاكی دەڵێت، سەبارەت بەو بەڵگانەی كە لە لای سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی بوون، لیژنەی نەزاهە لەگەڵ لیژنەی دارایی، لیژنەیەكی هاوبەشی لاوەكییان بۆ گەییشتن بە راستیەكان و لێكۆڵینەوەی تەواو لەو بارەیەوە پێك هێناوە.
(د. ئەردەلان نوورەدین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "لەبارەی ئەو بەڵگانەی كە لە لای سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی بوون بەر لە كۆچكردنی، لیژنەیەكی لاوەكیمان بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە پێك هێناوە كە لە لیژنەی دەستپاكی و لیژنەی دارایی پێك هاتوون و بە سەرۆكایەتیی یەكێك لە دەستەی سەرۆكایەتی دەستبەكار بووە، تاوەكو ئێستایش ئەو بابەتە لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە".
(نوورەدین) گوتیشی: "لەبەر ئەوەی بەڵگەكان زۆرن و لە ژێر دەستدان و لێكۆڵینەوەی زۆریان دەوێت، چونكە بە هاوبەشییە لە نێوان دوو لیژنە، بۆیە هەر دەرچوونێك پێویستە ئەندامانی هەردوو لیژنەی لەگەڵدا بێت و هەر بڕیارێكیش بدرێت، دەبێت بە هەماهەنگیی هەردوو لا بێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، وای دەبینێ كە بەڵگەی پێویست لە بەردەستدان و پێویست بە لێكۆڵینەوەی زۆر ناكات، هیواخوازیشە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەو بابەتە یەكلا بكرێتەوە.
نەشوان بەرزنجی




