ئیتاڵیا بۆ پاراستنی بهنداوی مووسڵ هێز ڕهوانه دهكات

ئیتاڵیا -KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی (لۆکاڵ)، دوێنی (ماتێو ڕێنزی) سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەیان بەنیازە (٤٥٠) سەرباز ڕەوانەی عێراق بکەن بۆ پاراستنی (بەنداو)ە ستراتیژیکەکەی نزیک مووسڵ.
ئەو بەنداوە لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی ئەڵمان و ئیتاڵیاوە لە ساڵی (١٩٨٠)ـدا دروست کراوە لەسەر ڕووباری دیجلە، تاوەکو ئێستایش کۆمپانیای ئیتاڵی (ترێڤی) ئارەزوو و منیهتی هەیە کە بۆ دروستکردنی پرۆژەی سەرچاوەکانی کارەبا سوودی لێ وەربگرێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا دەرەنگانێکی دوێنێ ڕایگەیاند کە لەلایەن ئەو کۆمپانیا ئیتاڵیاییەوە داوایان لێکراوە هەوڵبدەن (بەنداو) ی مووسڵ بپارێزن، بۆیە دەمانەوێت (٤٥٠) لە سەربازەکانمان بنێرن تاوەکو لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ئەوێ پارێزگاری لەو بەنداوە بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە (ڕێنزی) سەرۆکوەزیرانی ئیتالیا هۆشداریی داوە کە بەنداوی مووسڵ سەرچاوەی دابنیکردنی ئاو و وزەیە بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس و، شوێنەکەیشی زۆر ستراتیژیکە و کەوتووەتە ناو جەرگەی زۆنی مەترسیدارەوە، سنووریشی لەگەڵ داعشدایە و لە ڕابردوشدا بەهۆ ئەوانەوە زیانی پێ گەیشتوە و، مەترسیی ڕووخانی لێ دەکرێت.
شیاوی گوتنە، لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو داعش دەستی بەسەر بەنداوی مووسڵدا گرت، بەڵام زۆری نەبرد بەهێزی بازووی پێشمەرگەکانی کوردستان و، پشتیوانی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان لە ئابی هەمان ساڵدا لەژێر دەستی داعشیان دەرهێنایەوە.
ئەگەر بێتو ئەو بەنداوە بەهۆی شەڕی داعشەوە بڕوخێت ئەوا مەترسی هەستانی لافاوی گەورەی لێ دەکرێت بۆ سەر مووسڵ و هەروەها بەغدای پایتەختیش.
گروپی کۆمپانیاکانی دروستکردن و، وزە (ترێڤی) گرێبەستێکیان لەسەر ئەو بەنداوە هەیە بەبڕی (١،٨)ملیار یۆرۆ.
و/ خالید گەیلانی




