سلێمانی لەناو جەرگەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستاندا دەبێت، پێتان جیا ناکرێتەوە

ئاریـــان فــــهرهج
هیچ گومانی تێدا نەما، نەخشەی ناوچەكە دووبارە دادەڕێژرێتەوە، سیماكانی نەخشەی نوێ وا دەردەكەون، دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، كە بەرهەمی سەدساڵ خەبات و شەڕی مەردانەی دژی داعش و شایستەیی نەتەوەكەمان و بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆمانە، ناحەزان بخوازن یان نا، دادەمەزرێ و بەشێكی حەتمی و مسۆگەری نەخشەی نوێیە.
ئەمریكا و رۆژئاوا یەكلابوونەتەوە، كە شەڕی کۆتایی داعش بۆ ئەوەی نەبێتە شەڕی ئیسلام و رۆژئاوا، دەبێ بە خودی موسڵمانان و بە دیاریكراوی بە دەوڵەتانی ئیسلامی سوننە بسپێردرێ. وا هاوپەیمانییەكە پێكهات، ئەركی سەرەكیی تێكشكاندنی داعش لە موسل و رەققە بە لەشكری سەدهەزاریی وڵاتانی سوننە دەسپێردرێ و دواجاریش دروستكردنی دەوڵەتێك بۆ سوننەی عەرەب لەسەر داروپەردووی خەلافەتەكەی داعش و پاشەكشەی فراوانخوازیی ئێران لە عێراقی سوننی و لەنێوبردنی رژێمی بەعسی عەلەوی، دەكرێتە باشترین جێگرەوە بۆ داعش و دڵنیایی بۆ سوننەی عەرەب، كە جارێكی دیكە نەكەونەوە بن غەدر و داپڵۆسینی شیعە و، لە كاردانەوەشیاندا نەبنەوە ئامێز بۆ داعشێكی دیكە.
ئێران، هەردوو پرۆسەكە بە لێدانی خۆی و نابووتكردنی هەژموونخوازیی شیعەگەرایی دەزانێ و، بە هەموو توانای دژە. لە بەرامبەر سوننەی عەرەب دەستكورتە و هیچی پێناكرێ، چونكە هیچ جێ پێیەكی لە دونیای سوننەی عەرەبدا نییە، ئەمما بەرامبەر كورد، بەداخەوە هیوابڕاو نییە و وا هێزە كوردزمانە دژەسەربەخۆیی و پاشكۆییخوازەكان كۆدەكاتەوە و، دەیانكات بەگژ سەربەخۆیی كوردستانا.
ئەو میحوەرە، پێیوایە لانی كەم دەتوانێ سلێمانی لە كوردستانی سەربەخۆ جیاكاتەوە و، له رێی پەلاماری حەشدی شەعبییشەوە دەوڵەتی كوردستان مەحروم بكات لە سامانە سروشتییەكانی كەركوك و گەرمیان، لە رێی پەكەكەشەوە ئایندەی بەشی رۆژئاوای ناڕۆشن بكات.
ناحەزان، بە هەموو جاش قەڵەم و سیاسەتكارە تەحتەل تەڵەبەكانی كوردزمانیان گوتووە؛ سەربەخۆیی كوردستان ناشرین بكەن و لەبەرچاوی خەڵكی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە بیكەنە بەشێك لە دەوڵەتی سوننە، تا خەڵكی سلێمانی بكەن بە گژ سەربەخۆییدا . لێكنزیككردنەوەی سلێمانی و بەغا و بەڵێنی ناردنی مووچە بۆ سلێمانی، ئاماژەی دیكەن لەو چوارچیوەیەدا. ئێران، پێماندەڵێ؛ ئەو خۆپێشاندانانەی دژی توركیا و وڵاتانی سوننە، كە دەبوا لە تاران بكرێ، دەتوانین لە سلێمانی بیكەین.
سیاسەتكارانی تەحتەل تەلەب و قەڵەمبەدەستانی ئەڵقەلەگوێ بە هەموو توانایان كەوتوونە جێبەجێكردنی فەرمانی مەرجەعەكەیان.
عیرفانی قانعی فەرد ( هەڵسووڕێنەری پەیج و سایتەكانی دەزگای ئیتیلاعات) بە فارسی ئەو ژەهرە دەڕێژێ و شانازی ئیبراهیم ئەحمەد و جەماعەتی لڤین و هاوشێوەكانی و قەڵەمەكانی سەر بە بزووتنەوەی نەوشیروان و تێكڕای جاش قەڵەمانی دیكە، زۆر دوژمنكارانە و بە ئیزافەوە دەیكەن بە كوردی. راسپێردراون ئەو فاڵە رەش و خەونە نەزۆكە بەرنە مێشكی خەڵكەوە، كە سەربەخۆیی لە ئارادا نییە و تەنیا هەولێر و دهۆك دەخرێتە سەر دەوڵەتی سوننە، بۆیە دەبێ سلێمانی لە كوردستان جیابكرێتەوە.
بەڵام، وەڵامی ئێمە و مێژوو و ئایندە و وەڵامی سەدساڵ خەبات و قوربانیدانی نەتەوەی كورد بۆ ئەو حاقد و پاشكۆ و خۆخۆر و كینەلەدڵانە و ئاغاكانیشیان هەر ئەوەیە كە سلێمانی هەرگیز جیانابێتەوە. ئەوە خەڵكی بەشەرەفی سلێمانییە كە ڕێگەنادات پیلانی دوژمن سەربكەوێت. سەربەخۆیی لە ڕێگەیە و سلێمانیش ناوجەرگەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەبێ و حاقدان كوێردەبن و دوژمنانیش دواجار بەناچاری قبووڵی واقع دەكەن.
ئەوەی دەیكەن تازە نییە و هەركات كوردستان نزیكبووبێتەوە لەدەستكەوت، هەندێ دهروون نەخۆش و حەسوود كەوتوونە پەلەقاژە و هۆنینەوەی درۆ. گوریسی درۆ كورتە و دواجار وەك هەمیشە درۆكانیان ئاشكرادەبن..ئاڕاستە و سیاسەتی هەرێمی كوردستان ڕوونە. بەرەوسەربەخۆیی هەنگاوی خێرادەنێت، خاوەنی بڕیاری خۆیەتی. بەشێك نییە لەشەڕی تاییفی و بلۆك و میحوەرەكان، خاوەنی دۆزی ڕەوای خۆیەتی و هەموو جیهان دەزانێ گەلی كوردستان چیی دەوێت. دوژمنایەتیی هیچ وڵاتێك ناكات و پاشكۆی كەس نییە . بەڵام ویسایە و ئاغایەتی و ئیملای كەسیش قبووڵ ناكات. ئێوەی دڵڕەش و بێ ئایندەش چەندی زووتر بێدەنگ بن، دواتر روڕەشییەكەتان كاڵتر دەبێ.




