٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

"بەشەبودجەی کورد كەم بكرێتەوە، پەیوەندی نێوان كوتلەی شیعە و كورد ناهێڵێت"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراقدا، لەلایەن (هۆشیار زێباری)ـیەوە ئەوەیان پێ گوتراوە كە نابێت پشكی هەرێم لە بودجە كەم بكرێتەوە، چونكە بە كەمكردنەوەی پشكی كورد، كێشەكان زیاتر دەبن لە عێراق و پەیوەندیی نێوان كوتلەی شیعە و هەرێمیش نامێنێت.

(سەرحان ئەحمەد سلێڤانەیی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "وەكو ئەندامانی كوردی لیژنەی دارایی و سەرۆكی لیژنەی دارایی، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراقدا، چۆنیەتیی رازیبوونی حكوومەتی لەبارەی بودجەی گشتیی 2016ـی عێراق بۆمان ڕوون كردەوە كە حكوومەت وەك چۆن ڕەوانەی كردووە، دەیەوێت پەسەند بكرێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق‌ گوتیشی: "سەرۆكی لیژنەی دارایی چوار داواكاریی بۆ بوودجە لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانەوە خستە ڕوو كە، یەكێك لەوانە كەمكردنەوەی پشكی هەرێم بۆ ١٣ لە سەد و پەیوەستكردنی نەفەقاتی حاكیمەیە بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ گۆڕینی ماددەی ٣٣ بە شێوەیەك كە هەر بڕە نەوتێك لەسەرووی ٥٥٠ هەزارەكەوە بێت، داهاتەكەی بۆ خەزێنەی عیراق بێت، لە ماددەی ١٠ بڕگەی (ب)ـیش، دەیانەوێت ئاماژە بە راپۆرتیكی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بكەن، ئێمەی كوردیش داوامان كردووە ئاماژە بە نووسراوی فەرمیی حكوومەتی هەرێم بكرێت كە داوای پارەی هەرێم دەكات لە بەغدا".

(سلێڤانەیی ) ڕوونیشی كردەوە: "وەزیری دارایی عێراقیش گوتی ئەمە زوڵمە لە میللەتی كوردی دەكەن و بە هیچ شێوەیەك نابێت قەبووڵ بكرێت، چونكە بوودجە بۆ گشت عێراقە نەك تەنیا بۆ كورد، ئەمەیش كێشەكان زیاتر دەكات و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و كوتلە شیعییەكان تێك دەدات".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار