"په‌نابه‌ره‌كان ئه‌ورووپا جێ‌دێڵن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان"

سوید-KDP.info- ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له وڵاتانی ئه‌ورووپاوە گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان، له‌چاو پار زیادی کردووه؛ کاربه‌ده‌ستانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێن، پێویسته ئاواره‌کانی نیشتەجێی هه‌رێمی کوردستان، گوزەرانیان ئەوەندە باش بکرێ نەکەونە ڕێ بۆ ئه‌ورووپا.
به‌پێی ڕاپۆرتێکی ڕادیۆ سوید ئەمساڵ ٣٥٠٠ ئاوارەی نیشتەجێی سوید، گەڕاونەتەوە بۆ وڵاته‌كه‌یان؛ له مانگی نوڤەمبەری ئه‌مساڵیشدا 2175 كه‌س داوایان كردوه بۆ وڵاته‌كه‌یان بگه‌ڕێنه‌وه.
ئیداره‌ی کۆچبه‌رانی سوید ده‌ڵێ به هه‌زاران كه‌س له ڕێگه‌ی پڕمه‌ترسی و ده‌ریاوه ڕێی ئەورووپایان گرتووەتە بەر و خۆیان گه‌یاندووەته سوید، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك مانه‌وه بڕیاریان داوه دووباره بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان بگه‌ڕێنه‌وه.
به‌پێی ئه‌و ڕاپۆرته ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاته‌كه‌یان له‌چاو پار گەلێ زۆرە و، ڕەنگە ڕێژه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه له‌وه‌یش زیاتر بێ كه ئیداره‌ی كۆچبه‌رانی ئەو وڵاته ڕایگه‌یاندووه.
"عومه‌ر عه‌لی" خەڵکی باشووری کوردستانە؛ ده‌ڵێ: "ئه‌من ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی خۆم، ئاخر لێ ناگەڕێن بنه‌ماڵه‌ی خۆم بهێنم؛ ئەی خۆ ئیداره‌ی كۆچبه‌رانیش پێی ڕاگه‌یاندووین كه ئێوه ناتوانن بۆ هه‌میشه لێره بمێننه‌وه، دیاره پێم خۆش نییه بگه‌ڕێمه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ناچاری ده‌ڵێی چی!"
له مانگی نۆڤه‌مبه‌ردا، ده‌وڵه‌تی سوید بڕیاری دا كه له جیاتی په‌نادانی هه‌میشه‌یی به کۆچبه‌ران، بە شێوه‌ی كاتی ڕایانگرێ؛ ئه‌وه جیا له دروستکردنی کۆسپی قانوونی و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی هێنان و ڕاکێشانی بنه‌ماڵه. ئه‌وه‌ش وای کردوه که له‌م كاته‌وه تا ئێستا، ڕێژه‌ی ئه‌م كه‌سانه‌ی داوای په‌نابه‌رییان كردوه به‌ڵام ناچار به گه‌ڕانه‌وه‌ن، هه‌ردی‌و زیاتر ده‌بێ.
عومه‌ر عه‌لی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "پێم خۆش نییه بگه‌ڕێمه‌وه. من بۆ داهاتووی منداڵه‌كانم ڕێی هاتونەهاتم گرتە بەر؛ نامه‌وێ وه‌ك خۆم له سێبه‌ری شه‌ڕ، كوشتن و ده‌وڵه‌تی ناكارامه‌دا بژین، به‌ڵام مادام ناتوانم بۆ هه‌میشه لێره بمێنمه‌وه، بگه‌ڕێمه‌وه باشترە."
ئیداره‌ی کۆچبه‌رانی سوید ده‌ڵێ زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی داوای په‌نابه‌رەتییان له وڵاتی سوید کردووه، سه‌ڵتن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ش که ژن و منداڵیان هه‌یه، به ته‌مان کە وه‌رگیران، ڕایانکێشن. زۆرینه‌ی ئەو په‌نابه‌رانه بیستوویانه كه ئه‌گه‌ر بۆ خۆیان له پێشدا بێن دواتر بنه‌ماڵه‌كه‌یان ڕاكێشن ئاسانتره؛ به‌ڵام وڵاتی سوید قانوونی گۆڕیوە؛ ئەوەیە په‌نابه‌ران به‌و هه‌مووه سه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌رییەوە كه بینیویانه، ئێستا په‌شیمان بوونه‌ته‌وه و، بەنیازی گەڕانەوەن.
ئیداره‌ی کۆچ‌و‌کۆچبه‌رانی وڵاتانی ڕۆژاوایی ده‌ڵێن شه‌پۆلی نوێی کۆچ بۆ ئەورووپا زۆرتر له وڵاتانی سووریا، عێراق، ئه‌فغانستان و سوماڵه‌وەیه؛ ئه‌مساڵ زیاتر له 850هه‌زار که‌س داویانە له دەریای ناوەڕاست و، خۆیان گه‌یاندووەته خاکی ئەورووپا.
کۆمیساریای پەنابەرانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان ده‌ڵێ که له 6 مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا ٢٩٨٠ که‌س له‌و کۆچبه‌رانه له کاتی په‌ڕینه‌وه له دەریای ناوەڕاستدا خنکاون؛ هه‌روه‌ها سه‌دا٥٤ـی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ش خه‌ڵكی وڵاتە ئاژاوەگرتووەکەی سووریانە.
فرێدریک کەسای، بەرپرس و ڕێکخەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکانی هەولێر دەڵێ، ئەگەر تەنیا لە ڕووی داراییشەوە تەماشا بکرێ پێویستە ئەورووپا ئه‌و بابه‌ته‌ی پێ گرینگ بێ و هاوکارییەکی ئەو هەموو ئاوارەیەی نیشتەجێی هه‌رێمی کوردستان بکا.
فرێدریک کەسای ده‌ڵێ ژیاندنی ئەو ئاوارانە لە هه‌رێمی کوردستاندا دە ئەوەندە هەرزانترە ڕادەوەستێ لەوەی لە ئەورووپادا خەرجیان بکێشی؛ بۆیە لە بەرژەوەندیی وڵاتانی ئەورووپادایە کە لێرە پشتگیری‌یان بکەن نه‌وه‌ك بكه‌ونه ڕێ بۆ ئه‌ورووپا.
نوێنه‌ری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری په‌نابه‌ران له هه‌رێمی کوردستان داوای پارەی لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە و، ده‌ڵێ کوردستان بۆ خۆیشی لە دۆخێکی خراپدایە و، بە تەنیا ئەو هەموو ئاوارەیەی پێ بەخێو ناکرێت؛ وا بەغدا بوودجەی لە هەرێم بڕیوە و، شەڕی داعش‌یش دەکەن و، نەوتیش بازاڕی نییە.
فرێدریک کەسای ده‌ڵێ ئەم هەرێمە هەر بە قه‌د سویسرایە، کەچی ملوێنێک‌و٨٠٠هەزار ئاوارەی لەخۆ گرتووە. کەچی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر خەرجی سه‌دا٣ـی ئەو هەموو ئاوارەیە دەکێشێت.




