ڤیدیۆ؛ بارزانی: لە شەستەکان نامەیان نەدەخوێندینەوە، ئێستایش ئاڵاکەمان دەشەکێتەوە

ئانکارا-KDP.info- سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، ئاماژە بە نامەیەکی (بارزانیی نەمر) رایگەیاند، لە شەستەکان نامەیان نەدەخوێندینەوە، ئێستایش لە تورکیا ئاڵاکەمان دەشەکێتەوە.
لەبارەی ئەجێندای سەردانەكەی بۆ تورکیا ڕایگەیاند کە، شەڕی دژی داعش، هاتنی هێزی توركیا بۆ نزیك مووسڵ، پەیوەندی ئابووریی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و پرۆسەی ئاشتیی نێوان توركیا و پەكەكە لەگەڵ گەورەبەرسانی ئەو وڵاتەدا خڕاونەتە بەر باسەوە.
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەربارەی سەردانی بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەدا، ئەمڕۆ لە ئانکارا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز دا رایگەیاند: "ئێمە و تورکیا هەمیشە پێویستمان بە یەکدی هەیە و ھەموو وڵاتانی دیكەش كە بەشدارن لە شەڕی دژی داعش بە دۆستی خۆمان دەزانین و لە کۆبوونەوەکانی نێوانمان جەختمان لەسەر هاوکاریی یەکدیی کردەوە".
بارزانیی گوتیشی: بۆ ھەر كارێك توركیا ئامادەیە بۆ ھاوكاری و لەم سەردانە یەكەمجار بوو ئاڵای كوردستان لە كۆبوونەوەكان لەگەڵ توركیا بە فەرمیی دابنرێت".
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان بەغدا و ئانکارایش، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوتی: "ئێمە لایەنگر نین لەو كێشەیە و پێش سەردانم بۆ توركیا لەگەڵ سەرۆكوەزیران و وەزیری بەرگریی بەغدا بە تەلەفۆن قسەم كرد و، ئەمڕۆش وەفدێكی گرینگی توركیا لە بەغدایە و ھیواخوازین كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئامادەنین خاكی كوردستان ببێتە جێگەی تەسفیەكردنی حیسابات".
لە بارەی پڕۆسەی ئاشتیی لە توركیا، (بارزانی) گوتی: "ھیوادارین پڕۆسەی ئاشتیی بەردەوام بێت".
لە بارەی گۆڕانكاریی لە سیاسەتی توركیا و دۆخی دۆزی كورد لە باکووری کوردستان، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی کرد کە: لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو (بارزانیی نەمر) نامەیەكی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان نووسی و نامەكەی بۆ توركیایش نارد، بەڵام سەرۆكی ئەوكاتی توركیا وەڵامی نەدایەوە، بەڵام ئێستا لەو كۆشكە لە پێشوازیمان دابوون ئەمەش لای من گۆرانكارییەكی گەورەیە.




