سەرۆك بارزانی لە دانانی ئاڵای کوردستاندا پێزانینی هەبوو.. داوودئۆغڵو: دەبێ هەردوولا هاوكاری یەكتر بین

ئانكارا-KDP.info- چونکە یەكەمجارە لە مێژووی سەردانی شاندە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای عێراق و توركیا دانرا، (سەرۆك بارزانی) دەستخۆشیی لە سەرۆكوەزیرانی توركیا كرد كە لە كۆبوونەوە فەرمییەكەی نێوانیاندا ئاڵای كوردستان دانراوە و پێزانینی بۆ ئەم هەڵوێستە هەبوو.
(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015، بە سەردانێكی فەرمی بۆ وڵاتی توركیا، بە یاوەریی شاندێك گەییشتە ئانكارای پایتەختی توركیا و لە فڕۆكەخانەی ئانكارا لەلایەن (فەرەیدوون سینرئۆغلو) جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی توركیا پێشوازی لێ كرا.
هەر لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015، (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) سەرۆككۆماری توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە (مەولوود چاوش ئۆغلو) وەزیری دەرەوە و (بیرات بەیڕەق) وەزیری وزە و (فەرەیدوون سینرئۆغلو) جێگری وەزیری دەرەوە و (هاكان فیدان) سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا ئامادە بوون، سەرۆككۆماری توركیا بە گەرمی بەخێرهاتنی (سەرۆك بارزانی) كرد و پیرۆزبایی سەركەوتنی پێشمەرگە لە ئازادكردنی شنگالی لە (سەرۆك بارزانی) كرد. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و دواگۆڕانكارییە سیاسییەكانی ناوچەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و، بابەتی هاتنی سوپای توركیا بۆ باشیك لە پارێزگای نەینەوا تاوتوو كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە، پێویستە ئەم بابەتە لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارە بكرێت. هەروەها باس لە پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كرا و بە پێویست زانرا كە ئەم پەیوەندیانە فراوانتر بكرێن.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی شەڕی داعش و هەماهەنگی و هاوكاریی وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015 (ئەحمەد داوودئۆغلو) سەرۆكوەزیرانی توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە (مەولوود چاوش ئۆغلو) وەزیری دەرەوەی توركیا و (فەرەیدوون سینرئۆغلو) جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ئامادە بوون، سەرۆكوەزیرانی توركیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا نیشان دا و، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، ڕایگەیاند كە سەقامگیری و ئاساییشی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا جێگەی بایەخە و ئاساییشی توركیایش بۆ تەواوی ناوچەكە گرینگیی خۆی هەیە. سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی لە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتەكەی كردەوە و، ڕاشیگەیاند كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەبێ هەردوولا هاوكاری یەكتر بن، چونكە تیرۆریستانی داعش دوژمنی هاوبەشی هەردوولان. هەروەها ئاماژەیشی بە ڕۆڵی سوپای توركیا دا لە مەشق و ڕاهێنانی بەشێك لەو پێشمەرگانەی كە بەشدارییان لە ئازادكردنی شنگالدا هەبووە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەویەدا باس لە قۆناغەكانی هەڵوێست و پەیوەندیی دەوڵەتی توركیا لەگەڵ گەلی كورد كرا و ئەو پێشڤەچوونانە خرانە ڕوو كە لەم بوارەدا هاتوونەتە ئاراوە.
جێگەی ئاماژەیە كە، بۆ یەكەمجار لە مێژووی سەردانی شاندە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كۆبوونەوەكەی نێوان (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی توركیادا، ئاڵای كوردستان لە تەك ئاڵای عێراق و توركیا دانرابوو و (سەرۆك بارزانی) دەستخۆشیی لە سەرۆكوەزیرانی توركیا كرد كە لە كۆبوونەوە فەرمییەكەی نێوانیاندا ئاڵای كوردستان دانراوە و پێزانینی بۆ ئەم هەڵوێستە هەبوو.
هەر لە چوارچێوەی دیدارەكانی (سەرۆك بارزانی) لە توركیا، ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 12ـی 2015 ئێوارەخوانێك لەسەر شەڕەفی (سەرۆك بارزانی) لەلایەن وەزیری دەرەوەی توركیا ساز درا كە وەزیرانی كشتوكاڵ و وزە و جێگری وەزیری دەرەوەی توركیایش ئامادەی بوون.
شایانی باسە، لەم سەردانەدا (د. فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (سەفین دزەیی) گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یاوەری (سەرۆك بارزانی)ـن.




