ژەنەڕاڵ لۆید ئۆستن: ئۆپهڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال مەزن و كاریگەر بوو.. ئەمەریكا بەردەوام پاڵپشتیتان دهكات

ههولێر-KDP.info- له دیداریدا لهگهل (سهرۆك بارزانی)، ژەنەڕاڵ (لۆید ئۆستن) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا، ئۆپهڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگالی بە سەركەوتنێكی مەزن و كاریگەر وەسف كرد. هەروەها ستاییشی ئازایەتی و لێهاتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و جهختیشی كردهوه كە، سوپای ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و گوشارهێنان بۆ تیرۆریستانی داعش و لێدان و تێكشكاندنیان.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 8ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژەنەڕاڵ (لۆید ئۆستن) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە (ستیوارت جۆنز) باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و ڕاوێژكاری باڵای سوپای ئەمەریكا.
لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و، ئازادكردنی شنگالی لە (سەرۆك بارزانی) كرد و ئۆپهڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگالی بە سەركەوتنێكی مەزن و كەریگەر وەسف كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان. هەروەها ستاییشی ئازایەتی و لێهاتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە زۆر بە باشی توانیویەتی سوود لە هەماهەنگی و پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزە هاوپەیمانەكان وەربگرێت و ڕاشیگەیاند، كە سوپای ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە و گوشارهێنان بۆ تیرۆریستانی داعش و لێدان و تێكشكاندنیان.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتیی سوپای ئەمەریكای كرد كە بووەتە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكان بە دی بێن. هەروەها ئاماژەیشی بەوەدا، كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پلانی باش و ئازایەتی و هەماهەنگیی بێوێنە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەكان، توانی سەركەوتنی مەزن لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تۆمار بكات.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا و هەماهەنگی و هاوكاریی زیاتری پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراقی بۆ لەناوبردن و شكستدانی تیرۆریستانی داعش كرا و، پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەیش تاوتوو كرا. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و ململانێی نێوان هێزە هەرێمایەتی و دەولییەكان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (كەریم شنگالی) وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و (د. فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و (ئەنوەر حاجی عوسمان) بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) و (فەریق شێروان عەبدولرەحمان) و (فەریق جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.




